هەنگاوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و ئایندەی ململانێکانی ئێران و رۆژئاوا

- 7/4/2019 3:40:00 PM 6550 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-بەهمەن ئەحمەد 
كۆماری ئیسلامی ئێران زۆرترین رێژەی رێگەپێدراوی پیتاندنی یۆرانیۆمی تێپەڕاند كە بەگوێرەی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی 2015ی نێوان ئێران و وڵاتانی كاریگەری جیهان بۆی نەبو لە 300 كیلۆ گرام زیاتر لەیۆرانیۆمی ئاست نزم بپیتێنێت.

هەنگاوەكەی ئێران لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمەوە پشتڕاستکرایەوە، ئەوەش كاردانەوەی هەریەك لە ئەمریكا، بریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا و یەكێتی ئەوروپاشی لێكەوتەوە، هەمو ئەو لایەنانە ئەو هەنگاوەی ئێران بەپێشێلكاری رێكەوتنەكە دەزانن و بەهەوڵێكی كۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەمدەدەن بۆ دەستخستنی چەكی ئەتۆمی.

ئەم راپۆرتە وەڵامی چەندین پرسیار لەبارەی هەنگاوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دودڵی و نیگەرانی رۆژئاوا لەوبارەیەوە دەداتەوە، رونیشی دەکاتەوە کە ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران بەنیازی چییە و چۆن دەیەوێت بگاتە ئامانجەکانی.

یۆرانیۆمی پیتێنراو چییە؟

 

 یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ زۆر مەبەستی تەندروست بەكاردەهێنرێت لەوانە توێژینەوەی تەندروستی و بەرهەمهێنانی كارەبا. 

بەپێی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی 2015 ی نێوان ئێران و وڵاتانی كاریگەری جیهان ( روسیا، ئەمریكا، فەرەنسا، بریتانیا، چین و ئەڵمانیا) كۆماری ئیسلامی ئێران بۆی هەیە تا ساڵی (2031) تەنها یۆرانیۆمی سوك( ئاست نزم) بەرهەم بهێنێت كە رێژەی مادەی خامی (ئایسۆتۆپ یان U-235) تێیدا لەسەدا 3 بۆ 4 زیاتر نەبێت. 

بەوەش دەتوانێت تەنها وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا دروستبكات، بەڵام بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی پێویستی بە ڕێژەی لەسەدا 90ی یۆرانیۆمی پوخت هەیە و بەپێی زانیارییەكانی پەیمانگای توێژینەوەی بۆمبی ئەتۆمی هۆڵەنداش، تەنها 25 كیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پوختی لەسەدا 90 پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی یەك بۆمبی ئەتۆمی.

هەر بەپێی رێكەوتنەكە، كۆماری ئیسلامی ئێران رێگەی پێنادرێت لە 300 كیلۆگرام زیاتر لە یۆرانیۆمی ئاست نزم بەرهەم بهێنێت، بۆشی نیە لە (5,060) ئامێری پوختەكردنی یۆرانیۆمی( ریاکتەر) هەبێت بۆ جیاكردنەوەی ئاسۆتۆپ لە گازی هێكسافلۆریدی یۆرانیۆم.

بۆچی ئێران رێكەوتنەكەی پێشێلكرد؟

 
پاش كشانەوەی ئەمریكا لەرێكەوتنە ئەتۆمییەكە لەمانگی ئایاری ساڵی رابردو، ئابوری كۆماری ئیسلامی ئێران گورزێكی گەورەی بەركەوتوە، بەتایبەتی بەهۆی سەپاندنەوەی سزاكان لەلایەن ئەمریكاوە، بڕی هەناردەكردنی نەوتی بۆ نزیكەی 400 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا دابەزیوە و بەهای دراوەكەشی بەجۆرێك كەمیكردوە كە توانای كڕینی دراوە بەهێزەكانی نەماوە. بازرگانی زۆربەی مادە كانزایی و چالاكییە ئابوری و پیشەسازییەكانی لێقەدەغە كراوە و سەرچاوە ئابورییەكانی بەتەواوەتی كزكراوە.

لەبەرامبەردا لایەنە بەشداربوانی دیكەی رێكەوتنەكە ( روسیا، چین، ئەڵمانیا، بریتانیا و فەرەنسا) رەخنەی توندیان لەبڕیارەكەی ترەمپ گرت و پابەندبونی خۆشیان بەرێكەوتنەكەوە دوپاتكردەوە.

دواتر لەگەڵ بەردەوامبونی سزاكانی ئەمریكا و زیادكردنی، كۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەچەند قۆناغێك كەمكردنەوەی پابەندبونی خۆی بەرێكەوتنەكە دەربڕی و لەدواین هەنگاویشدا رایگەیاند بەرزترین ئاستی رێگەپێدراوی پیتاندنی یۆرانیۆمی تپێپەڕاندوە و بەپێشێلكاریشی نازانێت.

بۆچی رۆژئاوا ئەم بابەتە بەهەند وەردەگرێت؟

 

یەکەم هۆکاری سەرەکی بۆ رەتکردنەوەی ئەم هەنگاوەی ئێران لەلایەن ئەمریکا و رۆژئاوا، ئەوەیە کە بەپێشێلکردنی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی 2015ی دەزانن.

هاوکات، ئەو هەنگاوەی ئەمریکا بەپێچەوانەی ئامانجی سەرەکی رێکەوتنەکە دەبینن کە دورخستنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لەدەستخستنی چەکی ئەتۆمی.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم (IAEA) جەختی لەسەر پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردۆتەوە، کە بەپێی بۆچونی بەرپرسانی ئەوروپا، ئەو هەڵوێستەی ئێران سەردەکێشێت بۆ سەپاندنی سزای هەمەجۆرە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی بەشداربوی رێکەوتنەکە، هیچ ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشیش ناتوانێت ڤیتۆی ئەو سزایانە بکات.

لەدواین هەڵوێستیشدا کۆماری ئیسلامی ئێران لەزاری سەرۆک کۆمارەوە جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەوەندەی پێویستیان بێت یۆرانیۆمی ئاست نزم دەپیتێنن، بەڵام بۆ چڕکردنەوە و بەرهەمهێنانی رێژەی زیاتری پەختەکراوی یۆرانیۆم کە بۆمبی ئەتۆمی لێدروستدەکرێت، ئەو وڵاتە قسەیەکی لەوبارەیەوە نەکردوە.

بەڵام بەوپێیەی ئەمریکا هەڕەشەی بەردەوامی سزا توندەکانی دەکات و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەڵگیراون بۆ دوای حەوتی ئەم مانگە، پسپۆڕان چاوەڕوانی ئاڵۆزی زیاتر لەپەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا دەکەن و پێشیانوایە  ئێران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ زیاتر لەسەدا چوار بەرزدەکاتەوە.

لەلایەکی ترەوە، رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لەماوەی دو رۆژی رابردودا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە رێژەکە بۆ لەسەدا 5 زیاددەکەن، تارانیش پێویستی بەلەسەدا 20 هەیە بۆ توێژینەوەی وەڵامدەرەوە ناوەکییەکان.

نیگەرانییەکانی رۆئاواش لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی لەسەدا 20ی پیتێنراو، ئێران لەبەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نزیکدەکاتەوە و لەو چوارچێوەیە دەردەچێت کە تەنها ئامانجی سەرپێخستنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبابێت.

بەتایبەتیش، نیگەرانی و دودڵی رۆژئاوا لەوەدایە کە پسپۆڕانی وزەی ئەتۆم جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە بەرزکردنەوەی چڕی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە لەسەدا 7ەوە بۆ لەسەدا 20 قورسترین بەشی بەدەستهێنانی یۆرانیۆمی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی و بەگەشتنی ئێران بۆ ئەو قۆناغە واتای ئەوە دەگەیەنێت ئەو وڵاتە لەسەدا 90ی رێگاکەی بڕیوە.

لەهەموشی مەترسیدارتر بۆ رۆژئاواییەکان ئەوەیە کە پێش رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی 2015، کۆماری ئیسلامی ئێران رێژەی تەواوی یۆرانیۆمی چڕی لەسەدا 20 و دەزگای پێویستی چڕکردنەوەو جیاکردنەوەی گازی هێکسافلۆرایدی هەبوە کە دو پێویستی سەرەکی بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمین و بەگوێرەی توێژینەوەکانی ئەو بوارە، ئێران تەنها سێ مانگی پێویست بوە بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی.

بەڵام رێکەوتنە ئەتۆمییەکە ئەو توانایەی ئێرانی کەمترکردەوە و کاتی خەمڵێنراوی بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی لەسێ مانگەوە بۆ ساڵێک درێژکردەوە، بەگوێرەی پسپۆڕانی وزەی ئەتۆم لە ئێستادا کە بەربەستەکانی بەردەم ئەو وڵاتە نەماون و رێکەوتنەکە بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یەکجاری دەچێت، ماوەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ ئێران کەمتردەبێتەوە، چونکە هەنگاوەکانی پیتاندن خێراتردەکات.

ئایا ئێران نیازی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی هەیە؟

 
هەرچەندە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و رۆژئاوا رۆژبەرۆژ خراپتر دەبێت و لێدوانی توندتر لەدژی یەکتری دەدەن، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران رەتیدەکەنەوە ئامانجیان دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بێت، کۆمەلگای نێودەوڵەتیش بەو دوعایە ناڵێت ئامین. 

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی راپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم وەک بەڵگە دەهێنێتەوە کە لەیەکێک لەو راپۆرتانەدا هاتوە، لەساڵی 2003 دا کۆماری ئیسلامی ئێران چەند چالاکییەکی بۆ بەدەستهێنانی ئامێری تەقینەوەی ناوەکی ئەنجامداوە و لەساڵی 2009 شدا بەردەوام بوە لەسەر ئەو چالاکییانە.

ساڵی رابردوش حکومەتی ئیسرائیل چەند زانیارییەکی ئاشکراکرد کە بەنهێنی دەستیکەوتبون، بەپێی ئەو زانیارییانە ئێران بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، تەنانەت دوای رێکەوتنە ئەتۆمییەکەش.

وڵاتانی بەهێزی پیشەسازی و ئەندامانی رێکەوتنەکە چی دەلێن؟

 
ئەمریکا بەکشانەوەی لەرێکەوتنەکە بەهەمو دونیای راگەیاند کۆماری ئیسلامی ئێران بەنهێنی هەوڵی دەستخستنی چەکی ئەتۆمی دەدات و سودی لەو رێکەوتنە بینیوە بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆژەکەی.

هەریەک یەکێتی ئەوروپا و ئەندامانی بەشداربوی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی 2015 کە هەریەک لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و بریتانیا دەگرێتەوە، راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و نیگەرانی خۆیان لەبارەی تێپەڕاندنی زۆرترین رێژەی رێگەپێدراوی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەربڕی.

ئاماژەشیان بەوە کردوە پابەندبونیان بەرێکەوتنەکە گرێدراوە بەرادەی پابەندبونی ئێران و هەڵوێستی جدیشیان دەبێت.

ئاماژەشیان بەوەکردوە، زیادکردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی یەدەگی پێشێلکارییەکی رونی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەیە و ئەو وڵاتە هەنگاو بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەنێت.

روسیاش لای خۆیەوە رایگەیاندوە نیگەرانن لەپێشێلکردنی رێکەوتنەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەڵام ئەوە دەرئەنجامی هەڵوێستەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە.

هەرچی وڵاتی چینیشە هەڵوێستەکانی لەهەڵوێستی روسیاوە نزیکە، نیگەرانە لەهەنگاوەکەی ئێران بۆ زیادکردنی رێژەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بەپێشێلکردنی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی دەزانن، بەڵام پێشوایە ئەو هەڵوێستەی ئێران لەئەنجامی فشارە بەردەوامەکانی ئەمریکاوەیە و سزا توندەکانی ئەو وڵاتە هۆکاری ریشەیی ئەو هەڵوێستەیە.


نیشانەکردن :

#ئێران_ئەمریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP