بەپەلە

هەفتەی داهاتو دابەشکردنی موچەی مانگی نیسان دەستپێدەکات

- 7/4/2019 12:42:00 PM 52280 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتو دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵی فەرمانبەران دەستپێدەکات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی رایگەیاند، یەکشەممەی داهاتو دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و سەرەتاش دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان دابەش دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژی دوشەممە ڕێکەوتی 2019/7/8 مووچەی یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە دابەش دەکرێت، ڕۆژی سێشەممەش ڕێکەوتی 2019/7/9 موچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت.

سەرچاوەکە وتیشی، ڕۆژی چوارشەممە 2019/7/10 موچەی وەزارەتی دارایی دابەش دەکرێت و ڕۆژی پێنجشەممە موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەش دەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشتبە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان کە مانگانە 522 ملیار دینارە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 420 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، کۆی ئەو داهاتەش حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە لە نەوتی فرۆشراو دەستی دەکەوێت لە نێوان 350 بۆ 400 ملیۆن دۆلاردایە، ئەوەش بەپێی وتەی پەرلەمانتارانی کوردستان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP