هەواڵی ئەمڕۆ

لە ئێستادا گرێکوێرەی نێوان حزبەکان خۆیان ماون
گرێکوێرەی پێکهێنانی حکومەت و کەرکوک و بەغدا کرانەوە

- 7/3/2019 5:59:00 PM 17745 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
 
گرێکوێرەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک و بەغدا کرانەوە، لە ئێستادا تەنها گرێکوێرەی نێوان حزبەکان خۆیان ماون، کە ئەویش یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکانیانە بۆ پۆستەکانی کابینەی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان.
 
کێشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی پەکخستبو، کە بریتی بون لە پشک و بەرکەوتەکانیان لە کابینەی نۆیەمی حکومەت، پۆستی پارێزگاری کەرکوک و پۆستی وەزارەتی دادی حکومەتی عێراق.
 
لە بەغدا کێشە نەماوە
 
24ی مانگی حوزەیرانی پەرلەمانی عێراق دەنگیدا لەسەر فاروق شوانی، بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی دادی حکومەتی عێراق کە لە پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و پێشتر جێگەی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی بو، بەوەش لە ئیستادا نوێنەری لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بونەتە یەک تیم.
 
بەپێی زانیاریەکانی خەندان، تەنھا لە پشکی کورد لە بەغدا 400 پۆستی بە بەتاڵی ماونەتەوە، پێشوتریش لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە گفتوگۆیان کردوە و پێشبینی دەکرێت هەمان میکانزمی ساڵانی رابردو دابەش بکرێن.
 
خەندان زانیویەتی، پارتی و یەکێتی بەشیک لە پۆستەکانیان پڕکردوەتەوە و لە ئێستاشدا سەرقاڵی پڕکردنەوەی ئەو پۆستانە کە تا ئێستا پڕنەکراونەتەوە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە جێگری وەزیری نەوتی عێراق لەڕابردودا لەبندەست بوە وەک خەندان لەسەرچاوەیەکی باڵای ناو یەکێتیەوە دەستی کەوتوە لەم کابینەیدا ئاڵوگۆڕ لەو پۆستەدا دەکات و بۆ ئەم جارە ژنێک دەنێرێتە ئەو شوێنە کە ئەندامی  سەرکردایەتی و پسپۆڕی بواری بەڕێوەبردن و وزەیە، هاوکات پارتیش سەرقاڵی بەدەسھێنانەوەی پۆستی سوپاسالاری عێراقە کە کابینەکانی رابردودا بەدەستیەوە بو.
 
خەندان ئەوەشی زانیوە، پشکی هەرێمی کوردستان لە نوێنەرایەتی عێراق لە دەرەوە لەسەر ئاستی باڵیۆز پێنج نوێنەرایەتیە و لە ئێستاشدا پارتی و یەکێتی  سەرقاڵی دابەشکردنی ئەو پۆستانەن لە نێوان خۆیاندا.
 
 
پارێزگاری کەرکوک یەکێتی دەبێت
 
 
دوای ئەوەی کۆی پاڵێوراوانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ماوەکانی رابردودا لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە رەتکرانەوە، لە ئێستادا ئەو دو حزبە گەیشتونەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە کە دڵخوازی هەردولا بێت.
 
رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەکاتێکدایە کەمتر لە دو هەفتە ماوەی یاسایی لەبەردەم سەرۆکی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتدایە بۆ راگەیاندنی کابینەکەی و هاوکات چڕبونەوەی گوشار ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ پەلەکردن لە گەیشتن بەڕێکەوتن.
 
بەپێی زانیاریەکانی خەندان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رێککەوتون ئەندازیار تەیب جەبار بکرێتە پارێزگاری کەرکوک، ئەوەش پێشتر لەکاتێکدایە دەیان کاندیدی دیکەی یەکێتی راتکراونەتەوە.
 
تەیب جەبار، بریکاری پێشوتری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بوە و سەرۆکی پێشوتری کۆمیتەی باڵای یەکێتی ئەندازیاران بوە، هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی لیژنەی باڵای کۆنفرانسی ساڵی 1995ی کۆمەڵەی روناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوک بوه‌.
 
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لەوبارەیەوە بە خەندان-ی راگەیاند، "کار بۆ ئەوە دەکرێت پرسی پارێزگاری کەرکوک یەکلایی بکرێتەوە و لەوە زیاتر درێژە نەکێشێت، مادام پرسەکە هاتوەتە سەر ناو مانای وایە بابەتەکە کۆتایی هاتوە".
 
 
پێکهێنانی کابینەکەی حکومەت نزیکبوەتەوە
 
دوای  ئەنجامدانی دەیان کۆبونەوەی چڕ لە نێوان سێ براوەی یەکەمی هەڵبژادنەکانی 30ی ئەیلولی ساڵی رابردو (پارتی، یەکێتی، گۆڕان) سەرئەنجام گەیشتنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بەڵام گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی درێژەی کێشا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی یەکێتی پێکهێنانی کابینەکەی بەستبوەوە بە پۆستی پارێزگاری کەرکوک و وەزارەتی دادی حکومەت عێراقەوە کە پشکی خۆی دەزانێت.
 
دوای چەندین کۆبونەوەی ئاشکرا و نهێنی و ئەنجامدانی چەندین رێکەوتنی راگەیەندراو و رانەگەیەندراو پارتی و یەکێتی گەیشتنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەکە و پۆستی پارێزگاری کەرکوک و پێدەچێت لەگەڵ پێکهێنانی کابینەکەدا لە هەفتەی داهاتودا ئەو پۆستەش یەکلایی بکرێتەوە.
 
 
یەکێتی تا ئێستا  پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی پڕنەکردوەتەوە
 
 
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تا ئێستا پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پڕنەکردوەتەوە، کە بەپێی رێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی پێویستە کاندیدی ئەو حزبە پڕیبکاتەوە.
 
یەکێتی کە دو رێککەوتنامەی لەگەڵ پارتی هەبو لە رۆژی 28ی ئایاری ئەمساڵدا دەنگی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەدا، ئەوەش دوای ئەوەی لەگەڵ پارتی نەگەیشتنە رێککەوتن بۆ دیاریکردنی کاندیدی پارێزگاری کەرکوک، بەڵام لە 12ی حوزەیراندا دەنگیدا بە مەسرور بارزانی بۆ سەرۆک کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
فەرید ئەسەسەر لەوبارەیەوە دەڵێت، "جارێ ئەو مەسەلەیەمان پشتگوێ خستوە، تا ئەو مەسەلەیە یەکلا نەکرێتەوە، یەکێتی مەسەلەی کاندیدەکان یەکلایی ناکاتەوە، کەرکوک چارەنوسی بەشداریمان لە حکومەت یەکلایی دەکاتەوە، کە یەکلایی بوەوە، ئەو کاتە دەتوانین لە رۆژێک یان دو رۆژ کۆتایی پێبهێنین".

 

 
 
گفتوگۆکان لەناو یەکێتیدا بۆ دیاریکردنی کاندیدەکان بەردەوامە
 
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت و یەکلاییکردنەوەی پارێزگاری کەرکوکدا بەرامبەر بە پارتی سەرجەم ئاڕاستەکانی وەک یەک تیم کاریان دەکرد، ئێستا هەریەکەیان دەیانەوێت پشک و بەرکەوتەیان لە کابینەکەدا پارێزراو بێت.
 
بەپێی زانیاریەکانی خەندان، جەمسەرەکانی ناو ئەو حزبە لە گفتوگۆی چڕدان بۆ دیاریکردنی کاندیدەکانیان لە کابینەی نۆیەمی حکومەت، هاوکات بازنەیەکی بچوک لەناو ئەو حزبەدا بڕیار لەبارەی کاندیدەکانەوە دەدەن.
 
لە ماوەی رابردوشدا کۆبونەوەیەکی چڕ و گرنگ بە ئامادەبونی سەرجەم ئاڕاستەکان و بە بەشداری جێگری سکرتێری گشتی و سەرۆک کۆماری عێراق لەوبارەیەوە بەڕێوەچوە و تاوتوێ چەندین پاکێج بۆ پڕکردنەوەی پشک و بەرکەوتەکان کراوە.
 
 
ململانێی ئاڕاستەی دێرین و نوێی حوکمڕانی ناو پارتی
 
پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەجددی کاردەکات بۆ ئەوەی هەرچی زوە کابینەی نۆیەم حکومەت پێکبهێندرێت، لە ئێستادا لە دۆخی ململانێی دو ئاڕاستەی دێرین و نوێدایە و هەریەکەیان دەیانەوێت لە کابینەی نوێدا پێگەی خۆی بپارێزێت.
 
بەپێی زانیاریەکانی خەندان، ئاڕاستەی دێرینی حوکمڕانی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە سەرکردەکانی ئەو حزبە دەیانەوێت لە کابینەی داهاتودا کە بە ئاڕاستەی ئاڕاستەی نوێی حوکمڕانی پارتی ناودەبرێن بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێگەیەکی بەهێزیان هەبێت.
 
زانیاریەکانی خەندان ئاماژە بەوەدەکەن، لە کابینەی نوێی حکومەتدا بە سەرۆکایەتی مەسرور تەنها ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەکان و پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە چانسیان مانەوەیان هەیە و سەرجەم وەزیر و بەرسەکانی دیکەی ئەو پارتە دەگۆڕێن کە بەدرێژایی حوکمڕانی نێچیرڤان بارزانی بڕیار بەدەستبون.
 
 
گۆڕان تا ئێستا نەیتوانیوە پۆستەکان یەکلایی بکاتەوە
 
بزوتنەوەی گۆڕان تا ئێستا نەیتوانیوە کاندیدەکانی بۆ پشک و بەرکەوتەکانی لە کابینەی نۆیەمی حکومەت یەکلایی بکاتەوە، سەرچاوەیەک لەوبارەیەوە بە خەندان-ی وت، "گۆڕان دەیەوێت بەر لەوەی بچێتە ناو کابینەی نوێوە بەشێک لەو کێشانەی کە لەناوخۆیدا توشی هاتوە چارەسەر بکات".
 
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، "گۆڕان ترسی لەوە هەیە پێش ئەوەی بچێتە حکومەتەوە ناکۆکی و نیگەرانییەکان ناوخۆی خۆی چارەسەر بکات، کە ئاڕاستەی کورەکانی نەوشیروان مستەفا و عومەری سەید عەلی و هەوادارانی سەرکردە ناڕازییەکانی وەک قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمودن".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر گۆڕان بەشێک لە کێشەکانی چارەسەرنەکات ئەوا ئەگەری ترازانی ناوخۆیی هەیە، بۆیە دەیەوێت پشک و بەرکەوتەکانی بەسەر ئاڕاستەکاندا دابەش بکات".
نزار مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بە خەندان-ی راگەیاند، لە چەند رۆژی ئایندەدا جڤاتیش نیشتمانی کۆدەبێتەوە و ناوی کاندیدەکان دەخرێتە بەردەم ئەندامەکان و دەنگی لەسەر دەدرێت بۆ کابینەی نۆیەمی حکومەت.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەک لەناو گۆڕاندا دروستکراوە، کە هەڵسەنگاندن بۆ ناوی کاندیدەکان دەکات و لە دیاریکردنی کاندیدەکاندا جۆرێک لە تەوازنی تێدایە کە رەچاوی ناوچە و بڕوانامە و لێھاتویان دەکرێت.
 
لەبارەی ناڕەزایی بەشێک لە ئەندامانی گۆڕان نزار مەحمود دەڵێت، "کاتێک بڕیار لە حزبێکدا دەدرێت زۆرینە و کەمینەیە، دەبێت کەمینە بەو بڕیارانە رازیی ببن کە زۆرینە دەیدەن و پشتیوانی بکەن و پابەندبن پێوەی".

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP