لە ئیستانبوڵ هەڵمەتی لابردنی نوسینی عەرەبی سەر فرۆشگا و دوکانەکان دەستیپێکرد

- 7/3/2019 5:29:00 PM 28477 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نوسینگەی پارێزگاری ئیستانبوڵ، بڕیاریدا بە سنوردارکردن و قەدەغەکردنی نوسینی عەرەبی سەر فرۆشگا و دوکانەکانی ئەو پارێزگایە، ئەوەش بەهۆی زۆربونی نوسینی عەرەبی سەر فرۆشگاکان و سکاڵای خەڵکی ئەو شارە.

هەڵمەتەکە لە یەکەم هەنگاویدا لە ناوچەکانی فاتیح، زەیتنبورون و بایرامپاشا دەچێتە بواری جێبەجێ کردن

بەپێی بریاری نوسینگەی پارێزگاری ئیستانبوڵ، هەڵمەتەکە لە یەکەم هەنگاویدا لە ناوچەکانی فاتیح، زەیتنبورون و بایرامپاشا دەچێتە بواری جێبەجێ کردن، کە جێگای نیشتەجێبونی زیاتر لە نیو ملیۆن پەنابەری سوری-ن.

ئەکرەم ئیمامئۆغلو رەخنەی لە زۆربونی نوسین و لافیتەی ریکلامی عەرەبی سەر فرۆشگاکانی ئەو شارە گرت

دەستپێشخەریی نوسینگەکە لەو هەڵمەتەدا دوای ئەوە هات، هەفتەی رابردو ئەکرەم ئیمامئۆغلو سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی شارەوانی ئیستانبوڵ لە بەرنەمایەکی تەلەفیزیۆنیدا رەخنەی لە زۆربونی نوسین و لافیتەی ریکڵامی عەرەبی سەر فرۆشگاکانی ئەو شارە گرت.

وای لێهاتوە، هاوڵاتیانی ئیستانبوڵ ناتوانن نوسینی سەر فرۆشگاکان بخوێننەوە

ئیمامئۆغلو وتی" وای لێهاتوە، هاوڵاتیانی ئیستانبوڵ ناتوانن نوسینی سەر فرۆشگاکان بخوێننەوە".

دڵنیایی دەدین بە هاوڵاتیانمان کە نوسینە عەرەبیەکان لادەبرێن

لەو بارەیەوە  ئیسماعیل چەتاکلێ، وتەبێژی وەزیری ناوخۆی تورکیا وتی" دڵنیایی دەدین بە هاوڵاتیانمان کە نوسینە عەرەبیەکان لادەبرێن و بە تورکی لەسەریان دەنوسرێت".

سەدا  75ی نوسینی سەر فرۆشگا و دوکانەکان بە تورکی دەبێت

"سەدا  75ی نوسینی سەر فرۆشگا و دوکانەکان بە تورکی دەبێت، سەدا 25 ی بە زمانەکانی دیکە دەبێت" چەتاکڵی وای وت.

بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، لە ناوخۆی تورکیادا سێ ملیۆن و600 هەزار سوری دەژین، ئەوە لە کاتێکدایە تیكڕا لەگەڵ ئەو پەنابەرە سوریانەی بەشێوەیەکی نایاسی بەرەو تورکیا هەڵهاتون، زیاتر لە چوار ملیۆن سوری لە تورکیادا دەژین.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP