بە ڤیدیۆ.. منداڵێك لە كارەساتی شەمەندەفەرێك رزگاری دەبێت

- 7/3/2019 9:33:00 AM 10393 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا گرتە ڤیدیۆیەكیان بڵاوكردەوە، كە تێیدا منداڵێك دەكەوێتە ئەو بۆشاییەوە كە شەمەندەفەرەكە لە شۆستەكە جیادەكاتەوە، داواش لە باوكان و دایكان دەكەن ئاگاداری منداڵەكانیان بن.

 

وەك لە گرتە ڤیدیۆییەكەیدا دەردەكەوێت، لە شوێنی وەستانی شەمەندەفەرێك لە شاری سیدنی، منداڵێكی بچوك دەكەوێتە بۆشایی نێوان شەمەندەفەر و شۆستەكەوە، لەكاتێكدا دایكی منداڵەكە سەرقاڵی منداڵەكەی دیكەیە.

خەڵكی چواردەوری روداوەكە بەرەو رزگاركردنی منداڵەكە دەڕۆن و كارمەندانی وێستگەكە ئاگاداردەكەنەوە

 

لەكاتێكدا منداڵەكە دەكەوێتە ئەو بۆشاییە تەنگەوە، دەستبەجێ ئەو خەڵكەی لەو شوێنەدان بە مەبەستی رزگاركردنی منداڵەكە رادەكەن، بەشێكی دیكەشیان لەگەڵ دایكی منداڵەكەدا هەوڵدەدەن شۆفێرەكە و كارمەندانی وێستگەی شەمەندەفەرەكە ئاگاداربكەنەوە.

منداڵەكە زیانی بەرنەكەوتوە


بە هەوڵی ئەو كەسانەی لە وێستگەی شەمەندەفەرەكەدا بون، منداڵەكە هێنرایە دەرەوە و بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵ منداڵەكە هیچ زیانێكی بەرنەكەوتوە.


سەرچاوەیەكی حكومی لە ویلایەتی نیو ساوس ویڵز لەوبارەیەوە رایگەیاند، دایكی منداڵەكە هیچ شتێكی لەوباریەوە رانەگەیاندوە و بەپێی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئەو وڵاتەشو نیوەی روداوەكان كە لە وێستگەكانی شارەكە رودەدەن، لو وێستگەی "ناوچەی كار" رودەدات.

هاوكات بەرپرسانی ئەو وڵاتەش داوا لە دایكان و باوكان دەكەن، لەكاتی چونە ناو وێستگەكانی گواستنەوە، دەستی منداڵەكانیان بگرن و بە شێوەیەكی گشتی ئاگاداریانبن.

 


نیشانەکردن :

#جۆراوجۆر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP