هەواڵی ئەمڕۆ

هاوسەری حاکمی دوبەی لەبریتانیاش خۆی شاردۆتەوە

- 7/2/2019 10:07:00 PM 54970 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
پاش ئەوەی لەچەند رۆژی رابردودا هاوسەری حاکمی دوبەی لەدەستی مێردەکەی هەڵهات و روی لەبریتانیا کرد، لەئێستادا میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردۆتەوە کە لەو وڵاتەش لەترسی ژیانی خۆی خۆیشاردۆتەوە و دەرناکەوێت.

بەپێی تۆری هەواڵی بی بی سی، شازادە حەیا ئەلحسەین بن تەڵال، هاوسەری شێخ محەمەد بن رەشید ئال-مەکتوم کە بەمەبەستی پاراستنی ژیانی روی لەبریتانیا کردوە لەئێستادا "لەترسی ژیانی" لەلەندەنی پایتەختی ئەو وڵاتەش خۆی حەشارداوە و دەرناکەوێت.

حەیای تەمەن 45 ساڵ کە ژنی شەشەمی شێخ محمدی حاکمی دوبەیە لەگرتەیەکی ڤیدیۆیدا باسی ترس و ئەگەرەکانی کوشتنی دەکات لەلایەن باوکی و هاوسەرەکەیەوە.

بەپێی زانیارییەکان ئەوەی ترس و دودڵی زیاتری لای شازادە حەیا دروستکردوە بڵاوکردنەوەی هۆنراوەیەکی توڕەییە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لەلایەن شێخ محمدی هاوسەرییەوە کە تێیدا " ژنێکی بێ ناسنامەی بە خیانەتکار" وەسفکردوە.

حەیا ئەلحسەین بن تەلال، هاوسەری شێخ محەمەد بن رەشید ئال-مەکتومی تەمەن 69 ساڵە ، جێگری سەرۆكی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆكوەزیران و حاکمی دوبەی بە یارمەتی سیاسەتمەدارێکی ئەڵمانیا بەرەو ئەو وڵاتە هەڵهاتوە و لەوێشەوە چوە بۆ بریتانیا.

چەند سەرچاوەیەک باس لەوەشدەکەن، ناوبراو لەگەل خۆیدا زەیدی کوڕی و جەلیلەی کچیشی بردوە، هاوکات داوای مافی پەنابەرێتی سیاسیی کردوە لە بریتانیا.

شێخ محەمەد بن رەشید ئال-مەکتوم، داوای لە وڵاتی ئەڵمانیا کردوە کە هاوسەرەکەی رادەستبکەنەوە، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا ئەو داواکاریەی رەتکردوەتەوە، ئەوەش ئاڵۆزی سیاسی لەنێوانیاندا دروستکردوە.
  
هەواڵی هەڵهاتنی هاوسەری حاکمی دوبەی لە کاتێکدایە، دوساڵ لەمەوبەر شەیخە لەتیفە، کچە گەورەی  شێخ محەمەد بن رەشید ئال-مەکتوم، بەرەو وڵاتانی ئەوروپا هەڵهات و تا ئێستا بێسەروشوێنە.

ئەوەش زانراوە لە ئێستادا حەیا لەخانویەکی 107 ملیۆن دۆلاری لەناوچەی کینگستۆنی لەندەن دەژی و سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ جەنگە یاساییەکەی لەگەڵ هاوسەری و خێزانەکەی.

باڵوێزی بریتانیاش لە دوبەی پێیوایە ئەم پرسە سەرئێشەیەکی دپلۆماسی گەورە بۆ بریتانیا دروستدەکات بەوپێیەی بریتانیا پەیوەندییەکی باشی لەگەل ئیمارات هەیە.


نیشانەکردن :

#به‌ریتانیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP