"هەرچی زوە گرفتەكانی نەوت و بودجە چارەسەربكرێت"
قوباد تاڵەبانی داوا لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان دەكات دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە

- 7/2/2019 7:00:00 PM 2808 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ سێ شەممە لە شاری هەولێر، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی لەگەڵ جینین هینیس نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق داوایكرد دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی بۆ خەندان، "ئەمڕۆ جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبونەوەی لەگەڵ جینین هینیس، نوێنەری تایبەتى سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق پرسی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و كێشەی پارێزگای كەركوكی تاوتوێكرد".

دەبێت هەرچی زوە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێن، بە تایبەتیش ئەو گرفتانەی لەبارەی نەوت و بودجە ھەن

 

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە،"قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران بە وردی تیشكی خستەسەر کێشەکانی هەرێم و بەغدا و جەختی کردەوە کە دەبێت هەرچی زوە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێن، بە تایبەتیش ئەو گرفتانەی لەبارەی نەوت و بودجە ھەن".

پێویستە ڕەوشی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە، پرۆسەی جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوریش دەست پێ بكاتەوە و هەمو لایەنەکانیش كار بۆ پتەوكردنی پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكە بكەن

 

سەبارەت بە كێشەكانی كەركوك، قوباد تاڵەبانی بە نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكانی راگەیاند؛ پێویستە ڕەوشی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە، پرۆسەی جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوریش دەست پێ بكاتەوە و هەمو لایەنەکانیش كار بۆ پتەوكردنی پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكە بكەن، و ئاماژەی بە بۆچونی سەرۆک مامجەلال-دا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کەرکوک کە وەک نەشتەرگەری مێشک ھەستیارە و دەبێت زۆر بەوردی ئیشی تێدا بکرێت و گیانی لێبوردەیی و پێکەوەیی تێدا بەرپا بێت".

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە قوباد تاڵەبانی باسی پێویستی بەردەوامبونی چاکسازییەکان لە کابینەی داهاتودا کردوەو بە تایبەتیش جەختی کردوەتەوە لەسەر پێویستی رێکخستنەوەی سیستەمی بانکی لە کوردستان ھەروەھا بەردەوامی چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP