بەپەلە

ترەمپ بەهۆی کچەکەیەوە روبەروی رەخنەیەکی توند بوەتەوە

- 7/1/2019 10:52:00 PM 24270 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
پاش دەرکەوتنی ئیڤانکای کچی لەلوتکەی گروپی بیست (G-20) و بەشداریکردنی لە کۆبونەوە فەرمییەکانی باوکیدا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا روبەروی رەخنەیەکی توندی میدیا ناوخۆییەکانی ولاتەکەی بوەوە و ئەو کارە "بەگەندەڵی و خزمخزمێنە " لەقەڵەمدەدەن.

بەپێی هەواڵێکی گاردیانی بریتانی، پاش ئەوەی ئیڤانکای کچی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبونەوەی لوتکەی (G-20)ی ئۆساکای ژاپۆندا رۆڵێکی زۆری پێدرا و چەندین جاریش لەکۆبونەوە فەرمییەکاندا دەرکەوتوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا روبەروی رەخنەیەکی توندی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سیاسەتمەداران و بەرپرسانی وڵاتەکەی بوەتەوە و هەنگاوەکانی بە "بەگەندەڵی و خزمخزمێنە ".
بەشداری گفتوگۆیەکی پێنج سەرکردەی وڵاتانی کاریگەری جیهان دەکات

ئەوەی رەخنەکانی سەر ترەمپی تۆخکردەوە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بو لەلایەن  حکومەتی فەرەنساوە کە تێیدا ئیڤانکای کچەگەورەی ترەمپ کە ئەمریکییەکان پێیدەڵێن " کچی یەکەم" لەپەراوێزی لوتکەی(G-20)دا بەشداری گفتوگۆیەکی پێنج سەرکردەی وڵاتانی کاریگەری جیهان دەکات، کە ئەوانیش ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا و تێریزامەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا و جەستن ترۆدۆی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا و کرستن لاگاردی سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیە.
لەکۆبونەوەی لوتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆن ئونی سەرۆکی کۆریای باکوردە دەرکەوت

دواتریش، ئیڤانکا و هاوسەرەکەی کە ترەمپ کردویەتی بەگەورە راوێژکاری کۆشکی سپی لەکۆبونەوەی لوتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆن ئونی سەرۆکی کۆریای باکوردە دەرکەوت.

بەوەشەوە نەوەستا، لەوتاری بەردەم سوپای کۆریای باشوردا دۆناڵد ترەمپ ئیڤانکای بانگێشتی سەر ستەیجەکە کرد و رایگەیاند، ئیڤانکا سەرنجەکانتان دەدزێت.

پسپۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی رەخنەیەکی توندیان لەم دەرکەوتنانەی ئیڤانکا گرتوە بەوەی کە هیچ شارەزاییەکی دپلۆماسی نیە و دەرکەوتنی لەکۆبونەوە و شوێنە فەرمییەکاندا زیان بە دپلۆماسییەتی ئەمریکا دەگەیەنێت.

هاوکات، چەند سیناتۆرێکیش دەنگی ناڕەزایەتییان بەرزکردۆتەوە.

نیشانەکردن :

#ئەمریکا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP