ترەمپ داوای تانک و چەکی قورس دەکات بۆ مەراسیمەکەی ئەم پێنجشەممەیە

- 7/1/2019 7:48:00 PM 29209 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
واشنتن پۆست بڵاویکردەوە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەفەرمی داوایکردوە تانک و چەکی قورس نمایشبکرێت لەمەڕاسیمی یادی سەربەخۆی وڵاتەکەی کەبڕیاروایە رۆژی چواری ئەم مانگە لەشوێنی یادەوەری لینکۆڵندا لەواشنتن دی سی بەڕێوەبچێت.

بەپێی هەواڵێکی سی ئێن ئێن، رۆژی چواری ئەم مانگە لەواشنتن دیسی پایتەختی ئەمریکا و لەبەردەم پەیکەری یادەوەری لینکۆڵندا مەراسیمی یادی سەربەخۆیی ئەمریکا بەرێوەدەچێت و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاش بەفەرمی داوایکردوە تانک و چەکی قورس لەو مەراسیمەدا نمایشبکرێت.
سەرقاڵی دۆزینەوەی رێوشوێنی گونجاون بۆ جێبەجێکردنی داواکەی ترەمپ

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، لەئێستادا یەکەی خزمەتگوزاری پارکە نیشتیمانییەکانی سەربەحکومەتی فیدڕاڵی سەرقاڵی دۆزینەوەی رێوشوێنی گونجاون بۆ جێبەجێکردنی داواکەی ترەمپ.

هاوکات، واشنتن پۆست ئەوەی زانیوە کە بڕیارەکەی ترەمپ دودڵی زۆری لای بەپرسانی ئاسایشی پارکە نیشتیمانیەکان دروستکردوە، بەوپێیەی هێنانی تانک و کەرەستەی گەورەی سەربازی بۆ ئەو ناوچەیە کارێکی ئەستەمە و زیان بەژێرخانی پارکەکە دەگەیەنێت.

رۆژی شەممەی رابردوش کۆشکی سپی جەختیکردەوە ناوچەیەکی دیاریکراو بۆ میوانی تایبەت دیاریدەکرێت کە چونە ژورەوەی بەتکت دەبێت و میوانێکی زۆر لەسەرتاسەری جیهانەوە بانگێشت دەکرێن.
ئەم داوایەی ترەمپ پاش ئەوە هات ناوبراو لەمەڕاسیمی رۆژی قەڵای باستیل لەفەرەنسا بەشداریکرد و تێیدا مەراسیمێکی شکۆداری سەربازی بەڕێوەچو.
مەراسیمێکی سەربازی بیرۆکەیەکی باشە بۆ ئەمریکا

پاش بەشداریکردنی ئەو یادە، ترەمپ سەرسامی ئەو مەراسیمە بوە و وتویەتی " کە مەراسیمێکی سەربازی بیرۆکەیەکی باشە بۆ ئەمریکا." 

دواتر ئیدارەی ترەمپ پلانی جێبەجێکردنی داواکەی ترەمپی لە رۆژی یادی سەربازو ژەنەراڵە خانەنشینکراوەکانی ئەمریکادا دانا کە رۆژی 11ی نۆڤەمبەرە، بەڵام دواتر بەهۆی تێچوی زۆرەوە بڕیارەکە هەڵوەشێنرایەوە.

مانگی شوباتی رابردوش ترەمپ لەتویتێکدا ئاشکرایکرد مەراسیمە سەربازییەکەی لە یادی سەربەخۆی وڵاتەکەیدا ئەنجامدەدات کە رۆژی چواری تەموزە و تێیدا بۆیەکەمین جار لەساڵی 1776 دا سەربەخۆیی وڵاتەکەی راگەیەنراوە.

لەبارەی تێچوی مەراسیمەکەوە، پێشتر چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوەکردبو بەپێی هەڵسەنگاندنێک 92 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، هەڵسەنگاندنێکی دیکەش 10 ملیۆن دۆلاری وەک تێچوی ئەو مەراسیمە دیاریکردوە.

لای خۆشییەوە جەیمس ماتس وەزیری بەرگری ئەمریکا دەنگۆی ئەو تێچوە زۆرەی رەتکردەوە، بەڵام ئامادەنەبو بڕی دیاریکراوی تێچوی مەراسیمە سەربازییەکە ئاشکرابکات.
 

نیشانەکردن :

#ئەمریکا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP