روسیا: نیگەرانین لەتێپەڕاندنی رێژەی دیاریکراوی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە

- 7/1/2019 7:22:00 PM 1179 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
لەوەڵامی زیادکردنی رێژەی دیاریکراوی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، نیگەرانین لەو هەنگاوە، بەڵام ئەوە دەرئەنجامی هەڵوێستەکانی ئەمریکایە.

بەپێی هەواڵێکی ئەل عەرەبیە، هەنگاوە نوێیەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تێپەڕاندنی رێژەی دیاریکراوی پیتاندنی یۆرانیۆم کە 300 کیلۆگرامە بەپێی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی 2015، کاردانەوەی وڵاتانی لێکەوتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا سێرگی ریابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، نیگەرانن لەپێشێلکردنی رێکەوتنەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەڵام ئەوە دەرئەنجامی هەڵوێستەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە.

پاش ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەفەرمی رایگەیاند رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمیان بەڕێژەی لەسەدا 3.67 زیادکردوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە لە راگەیەنراوێکدا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم جەختیکردەوە کۆماری ئیسلامی ئێران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە300 کیلۆ گرام تێپەڕاندوە کە زۆرترین رێژەی رێگەپێدراوە بەپێی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران وڵاتانی گەورەی پیشەسازی.
داواشی لە ئێران کرد بەرپرسیارانە مامەڵە بکات

لەگەڵ ئەوەی جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا جەختیکردەوە ئەو هەنگاوەی ئێران دەرئەنجامی فشارەکانی ئەمریکابوە، بەڵام داواشی لە ئێران کرد بەرپرسیارانە مامەڵە بکات.

روسیا یەکێکە لە هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پاش کشانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنەکە داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کە ئەندامی ئەو رێکەوتنەبون کرد کە رێزلە رێکەوتنەکە بگرن.

نیشانەکردن :

#روسیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP