روسیا موشەكی بەرگری ئێس-500 بەرهەمدەهێنێت

- 6/30/2019 10:40:00 PM 3852 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەری گروپی روستیخ-ی روسی رایگەیاند، دەستیانكردوە بە دروستكردنی سیستمی موشەكی بەرگری ئێس-500 و بەمنزیكانە ئەو چەكە دەگاتە دەست سوپای روسیا.

لەكاتی فرۆشتنی ئێس-400 دەستمانكرد بە دروستكردنی ئێس-500


سێرگی چیمیزۆڤ، بەڕێوەبەری گروپی روستیخ-ی روسی لەمیانی لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا ئەمرۆ یەكشەممە رایگەیاند "لە ئێستادا بە كاری دیزاینكردنی جۆرە نوێیەكانی چەك-ەوە سەرقاڵین، لە هەمانكاتدا كە سەرقاڵی فرۆشتنی موشەكی ئێس-400ین، كاروبارەكانی دروستكردنی سیستمی ئێس-500 دەستیپێكرد كە چەكێكی زۆر پێشكەوتوترە".

ئاماژەی بەوەشكرد "دەستبەجێ دوای تەواوبونیان، موشەكی بەرگری ئێس-500 بە زوترین كات دەگاتە سوپای روسیا و جیاوازی ئەو چەكە بەرگریە بە بەروارد بە چەكەكانی پێش خۆی، مەودای پێكانی ئامانجەكانیەتی".

چەكە نوێیەكە 80 كیلۆمەتر زیاتر لە چەكەكانی پێش خۆی ئامانجەكەی دەپێكێت

 

بەپێی راپۆرتە هەواڵیەكان "لەكاتی تاقیكردنەوەی سەرەتایی ئەو سیستمەدا، ئێس-500 توانیویەتی لە دوری 481 كیلۆمەترەوە ئامانجەكەی بپێكێت، كە ئەو ژمارەیە 80 كیلۆمەتر لە مەودای چەكەكانی پێش خۆی زیاترە".

چیمیزۆڤ لە وتەكانیشیدا رایگەیاند "بەهۆی ئەوەی تا ئێستا چەكەكە نەگەیشتوە بە سوپای سەربازی، ناتوانێت رونكردنەوەی زیاتر لەسەر چەكەكە بدات، بەڵام لە داهاتویەكی نزیكدا توانای ئەو چەكە دەردەكەوێت".

پێشتریش سێرگی شویگۆ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندبو "موشەكی ئێس-500 لە داهاتویەكی نزیكدا دەگات بەدەست هێزە سەربازیەكانی وڵاتەكەی"، بەرپرسانی باڵای دیكەی ئەو وڵاتەش ئاماژەیان بەوەكردوە "تاقیكردنەوەكانی تایبەت بەو چەكە سەركەوتوبوە و ئامادەیە بۆ بەرهەمهێنان بە تەواوی".


نیشانەکردن :

#روسیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP