فیلمی ئایلان كوردی بەرهەمدەهێنرێت و بنەماڵەكەی رەزامەند نین

- 6/30/2019 5:51:00 PM 2493 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەبارەت بە بەرهەمهێنانی فیلمێك دەربارەی ئایلان كوردی، ئەندامانی خێزانەكەی نارەزایەتی خۆیان دەربڕی و دەڵێن لەوبارەیەوە راوێژمان پێنەكراوە.

سەبارەت بە دەرهێنانی فیلمەكە نارەزایی خۆیان دەربڕی

پاش ئەوەی دەرهێنەرێكی تورك لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆری كۆمەڵایەتی تویتەر چەند گرتەیەكی لە كارەكانیان بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێك دەربارەی ئایلان كوردی بڵاوكردەوە، بنەماڵەی ئەو منداڵە كە ساڵی 2015 لە كەناراوەكانی توركیا بە خنكاوی دۆزرایەوە، نارەزایی خۆیان دەربڕی. 

كەس راوێژی پێنەكردوین

تیما كوردی، كە پوری ئایلان -ە و لە ئێستادا لە شاری ڤانكوڤەری كەنەدا نیشتەجێیە بە ئاژانسە جیهانیەكانی راگەیاندوە "ئەو بیرۆكەیە لەلایەن خێزانەكەی ئایلان-ەوە رەتكراوەتەوە، كەسیش سەبارەت بە دەرهێنانی ئەو فیلمە راوێژی پێنەكردون".

 

ئاماژەی بەوەشكردوە "عەبدوڵا كوردی، باوكی ئایلان كە ئێستا لە عێراق نیشتەجێیە، لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە هەواڵی بەرهەمهێنانی ئەو فیلمەی پێراگەیاندوە و بە گریانەوە وتویەتی پێشبینی ئەوەی نەكردوە كوڕەكەی كە گیانی سپاردوە، لە رێگەی فیلمێكەوە سەرلەنوێ دێتەوە ژیان".

لە توركیا كاری دەرهێنانی بۆ ەنجامدەدرێت و ستیڤن سیگال رۆڵی تێدا دەبینێت

 

فیلمی (Aylan Baby: Sea of Death) لە ئێستادا لە وڵاتی توركیا لە لایەن دەرهێنەرێكی توركەوە كاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامدەدرێت و بەپێی زانیاریەكان ستیڤن سیگال، ئەكتەری بەناوبانگی ئەمریكی رۆڵی تێدە دەبینێت.

عومەر ساركایا، ئەو دەرهێنەرەیە كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بەشێكی لە كارەكان بۆ دەرهێنانی فیلمەكەی ئایلان بڵاوكردوەتەوە و رایگەیاندوە "بابەتی فیلمەكە بە گشتی لەبارەی قەیرانی كۆچبەرانەوە دەبێت".

دوای رەتكردنەوەی دەرهێنانی ئەو فیلمە لەلایەن بنەماڵەكەی ئالان-ەوە، عومەر ساركایا رایگەیاندوە "لە ئێستادا ناتوانن ناوی فیلمەكە بگۆڕن"، سەبارەت بە هۆكاری راوێژنەكردن بە خێزانەكەی ئایلان-یش رایگەیاندوە "چونكە ئەو فیلمە لەبارەی ژیانی كۆچبەرانەوەیە بە شێوەیەكی گشتی، نەك بە تەنها ئایلان".

ئایلان كوردی، كە منداڵێكی رۆژئاوای كوردستان بو، ساڵی 2015 بەهۆی پێكدادانەكانی سوریاوە لەگەڵ خێزانەكەی بە مەبەستی كۆچكردن بەرەو ئەوروپا لە رێگەی ئاوەكانی توركیاوە بەڕێكەوتن، بەڵام بەهۆی ژێرئاوكەوتنی بەلەمەكەیانەوە پێنج كەس گیانیانلەدەستدا كە یەكیكیان ئایلان بو.

تەرمی ئایلان لە كەناراوەكانی فێنێربورنو لە بۆدروم-ی توركیا دۆزرایەوە و وێنەی تەرمەكەی دەنگۆیەكی زۆری بەداوی خۆیدا هێنا، كە دواتر بوە هێمای جیهانی كۆچبەران.


نیشانەکردن :

#رۆژئاوای کوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP