ترەمپ: کیم رێگەی پێدام پێبنێمە ناو خاکی وڵاتەکەی

- 6/30/2019 11:48:00 AM 30721 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند لەناوچەی داماڵراوی سەربازی نێوان کۆریای باکور و باشوردا داوای لە کیم جۆن ئون کردوە کە ئایا رێگەی دەدات پێبنێتە خاکی وڵاتەکەی و دواتر کیم پێیوتوە " بەشانازییەوە قبوڵی دەکەم".
بەشانازییەوە قبوڵی دەکەم

بەپێی هەواڵێکی سی ئێن ئێن، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەمەبەستی دیدارو کۆبونەوەی لەگەڵ کیم جۆن ئونی سەرۆکی کۆریای باکور گەشتە ناوچەی داماڵراوی سەربازی نێوان کۆریا باکور و باشور، لەمەراسیمی پێشوازیکردنەکەیدا داوای لەکیم کردوە کە ئایا رێگەی دەدات پێبنێتە خاکی وڵاتەکەی، لەبەرامبەردا کیم وتویەتی " بەشانازییەوە قبوڵی دەکەم".

پرسی داماڵینی چەکە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکور لەبەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان لەلایەن ئەمریکاوە کێشەیەکی مێژویی نێوان ئەو دو وڵاتە بوە، جیهانیش بەگرنگییەوە سەیری دانیشتنی سێیەمی نێوان ئەو دو سەرۆکە دەکات.

دواتر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ترەمپ رایگەیاند کۆبونەوەکانیان بەردەوام دەبێت و نێردەی تایبەتی خۆی ستیڤ بیجون درێژە بەکۆبونەوەکان دەدات.

بۆ یەکەمین جار لە 12 ی حوزەیرانی 2018 دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆن ئونی سەرۆکی کۆریای باکور لە سەنگافورە کۆبونەوە و یاداشتێکی لێکتێگەشتنیان واژۆکرد کە چەندین سەرەداوی رێکەوتنێکی گەورەی تێدا بەیانکرابو.

کۆبونەوەی دوەمی نێوان هەردو سەرۆک لە 28 ی شوباتی ئەمساڵ بو لەهانۆی پایتەختی ڤێتنام کە تێیدا بەبێ هیچ ئەنجامێک و پێش وادەی دیاریکراوی خۆی کۆبونەوەکە کۆتایهات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP