ترەمپ سزاکانی سەر کۆمپانیای هواوی-ی هەڵپەسارد

- 6/29/2019 8:39:00 PM 6443 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە کۆبونەوەی لوتکەی G-20  کە ماوەی دو رۆژە لە شاری ئۆساکای ژاپۆن بەڕێوەدەچێت، ترەمپ و هاوتا ژاپۆنیەکەی رازیبون بەدەستپێکردنەوە گفتوگۆ بازرگانیەکانی نێوانیان، ترەمپ راشیگەیاند" کۆمپانیا ئەمریکیەکان لەمەودوا دەتوانن بەرهەمەکانیان بە کۆمپانیای هواویی بفرۆشن".

مانگی رابردو وەزارەتی دارایی ئەمریکا، کۆمپانیای هواویی چینی کردە لیستی ئەو کۆمپانیایانەوە کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، ئالۆگۆری بازرگانی لە نێوان ئەو کۆمپانیایە و کۆمپانیا ئەمریکیەکاندا قەدەغەکرد، بەوپێیەش پشتگیری کۆمپانیای گوگڵ  بۆ ئامێرەکانی کۆمپانیای هواویی  هەڵگیرا، ئەوەش مەترسی لەدەستدانی زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلاری لای ئەو کۆمپانیایە دروستکرد.

هەرچەندە ترەمپ لە کۆبونەوەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە کۆمپانیاکانی ولاتەکەی دەتوانن لەمەودا بەرهەمەکانیان بە کۆمپانیا چینیەکە بفرۆشن، بەڵام ئاماژەی بە هەڵگرتنی تەواوەتی سزا سەپێنراوەکانی نەکرد و تەنها بە"هەڵواسراویی" ماونەتەوە.

دوای ئەوەی  ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە تۆمەتی سیخوڕیكردن كۆمپانیای هواوی چینی خستە لیستی رەشی بازرگانی وڵاتەكەیەوە، رێکەوتی ٢٠ی ئایاری ئەمساڵ  وتەبێژی كۆمپانیای گوگڵ رایگەیاند،ئەوان پابەند دەبن بە بڕیارەكەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە و كاری بازرگانی خۆیان لەگەڵ هواوی بۆ ماوەیەكی نادیار هەڵدەپەسێرن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP