سەرەڕای سزاكانی ئەمریكا
چین: بەردەوامدەبین لە هاوردەكردنی نەوتی ئێران

- 6/28/2019 8:59:00 PM 3297 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرەڕای فشارەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بە مامەڵەكردن بە نەوتی ئێران، بەرپرسێكی باڵای چین رایگەیاند، ولاتەكەی بەردوامدەبێت لە  هاوردەكردنی نەوتی تاران.

فشارەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران رەتدەكەینەوە

 

فو كونگ، بەڕێوەبەری گشتی ئیدارەی سنورداركردنی چەك لە وەزارەتی دەرەوەی چین لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند "وڵاتەكەی فشارە تاكلایەنەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران رەتدەكاتەوە".

وزە گرنگە و بەردەوامدەبین لە كڕینی نەوتی ئێران 


هاوكات سەرەڕای بەردەوامی هۆشداریەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران و كرینی نەوت لەو وڵاتە، ئەو بەرپرسەی چین وتی "لای ئێمە وزە گرنگی خۆی هەیە و بەردەوامدەبین لە كرینی نەوتی ئێران".

سیاسەتی دژ بە ئێران پەیڕەوناكەین

 

ئاماژەی بەوەشكرد "ئەوان سیاسەتی دوركەوتنەوە لە وەرگرتن و هاوردەكردنی نەوتی ئێران پەیڕەوناكەن، كە لە لایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە سەرچاوەی گرتوە، ئەو فشارانەش رەتدەكەینەوە".

پێش وتەكانی ئەو بەرپرسەی چین، برایان هوك، نێردەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا تایبەت بە كاروباری ئێران ئەمرۆ هەینی لەمیانی لێدوانێكیدا رایگەیاند "هەر وڵاتێك نەوت لە ولاتی ئێران بكڕێت، لە لایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە سزادەدرێت".

راشیگەیاند "ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا چاو بەو راپۆرتانەدا دەخشێنێتەوە، كە تایبەتە بەو رێژە نەوتەی ئێران كە لە ئێستادا بەرەو چین بەڕێكەوتوە".

ئەو لێدوانە دژیەكانە لەكاتێكدایە، سەرباری ئەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆنالد ترەمپ، پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئێران بچراندوە و بە بەردەوامی سزاكانی بۆ سەر ئەو وڵاتە چردەكاتەوە، لە هەمانكاتدا، پەیوەندیە بازرگانیەكانی لەگەڵ وڵاتی چین هەڵپەساردوە، بە شێوەیەكی بەردەوامیش هەڕەشە لە ئابوری ئەو وڵاتە دەكات.



نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #ئێران #چین

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP