فرەنسا: بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماوە چوار هەزار خوێندنگە دادەخرێت

- 6/28/2019 5:46:00 PM 2378 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی روی لە فرەنسا كردوە، چوار هەزار خوێندنگەی ئەو وڵاتە بەڕوی خوێنكاراندا داخران و خەڵكیش بە شێوەیەكی نایاسایی فوارەی ئاوی سەر شەقامەكان دەكاتەوە.

چوار هەزار خوێندنگە بە رووی خوێندكاراندا دادەخرێن

ئێدوارد فیڵیپ، سەرۆك وەزیرانی فرەنسا رایگەیاند، بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما كە بەرزترین رێژەی تۆماركردوە، ئەمڕۆ هەینی دەرگای چوار هەزار خوێندنگە دادەخرێت و وانەیان تێدا ناخوێندرێت.

فرەنسا بەرزترین پلەی گەرمی بە رێژەی 44.3 پلەی سیلیزی تۆماركرد


چوارشەممەی رابردو 26ی حزەیران، پلەكانی گەرما لە فرەنسا گەیشتە 35 پلەی سیلیزی، لەكاتێكدا ئەمڕۆ هەینی بە گەرمترین رۆژ لەو وڵاتەدا دادەنرێت، كە بەرزترین پلەی گەرمی بە 44.3 پلەی سیلیزی تۆماركراوە.

بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما بوەتە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین كەس

 

لە سەرەتای ئەم مانگەوە، شەپۆلێكی گەرما روی لە وڵاتانی ئەروپا كردوە، وڵاتی فرەنسا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بەرزترین پلەی گەرمی لە مێژوی خۆیدا تۆماركرد، بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما-ش بوەتە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین كەس لە وڵاتانی ئەوروپا.

خەڵك بە شێوەیەكی نایاسایی فوارەی ئاوی سەر شەقامەكان دەكەنەوە

 

هاوكات بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی روی لە فرەنسا كردوە، فوارەی ئاوی سەرشەقامەكان بە شێوەیەكی نایاسایی دەكرێنەوە، كە مەترسی هەیە بۆ سەر گیانی خەڵك و بەتایبەت منداڵان، لە ئێستاشدا منداڵێكی شەش ساڵ كە بەهۆی ئەوەی چەند مەترێك لە یەكێك لە فوارە ئاویەكانەوە دوربوە، پەستانی ئاوەكە ئازاری پێگەیاندوە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیە.

لە هەمانكاتدا، پاریسی پایتەختی فرەنسا، مۆڵەتی هاتوچۆی لە زیاتر لەسەدا 60ی ئۆتۆمبێلەکانی قەدەغەكرد، ئەوەش بۆ رێگەگرتن لە پیسبونی ژینگە کە بەهۆی شەپۆلەکانی گەرماوە دروستدەبن.


نیشانەکردن :

#فه‌ڕه‌نسا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP