فراكسیۆنی كۆمەڵ: سەرۆكایەتیەكان باوكی میلەتن پێویستە هەڵوێستیان هەبێت
سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم بێدەنگن و سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤیش تا یەكشەممە لێدوان نادات

- 6/28/2019 1:47:00 PM 7603 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

تا ئێستا هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان لە ئاست بۆردومانی فرۆكە جەنگییەكانی توركیا و گیانلەدەستدا و برینداربونی 9 هاوڵاتی مەدەنی بێدەنگن و سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤیش دەڵێت، تا یەكشەممە هیچ لێدوانێكی لەبارەوە نادەین، ئایدن مەعروفیش رایگەیاند، قسە لەسەر ئەو بابەتە ناكەم.

ئایدن مەعروف ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی بەرەی تورکمانی بە خەندان-ی رایگەیاند، قسە لەسەر ئەو بابەتی بۆردومانی فرۆكە جەنگیەكانی توركیا ناكەم و سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لەو بارەیەوە بۆی هەیە قسە بكات.

لای خۆشیەوە، رومیو حزیران لە فراكسیۆنی هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی و سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لەبارەی گیانلەدەستدا و برینداربونی هاوڵاتیانی سیڤیل بە بۆردومانی فرۆكە جەنگیەكانی توركیا بە خەندان-ی راگەیاند،  تا یەكشەممە هیچ لێدوانێكی لەبارەوە نادەین.

لەبەرامبەردا، بدریه‌ ئیسماعیل محمود، بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "ئێمە وەكو فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی هاوخەمی خۆمان بۆ شەهیدبونی ئەو پێنج هاوڵاتیە دەربڕیوە و هیوای چاكبونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین".
پێویستە ئەو رێككەوتنەی لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و عێراق كراوە بۆ هێنانی چەكداری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە

 

بەدریە ئیسماعیل راشیگەیاند،"پێویستە سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێم هەوڵ بدەن كۆتایی بەم شەڕە بێت و ئەو رێككەوتنەی لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و عێراق كراوە بۆ هێنانی چەكداری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، وەكو فراكسیۆنی كۆمەڵ داوا دەكەین ئەو رێكەوتنە هەڵبوەشێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتی بێتاوان شەهید نەكرێت".

لەبارەی بونی رێكەوتن لە نێوان بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و توركیا، بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ وتی،"وەكو فراكسیۆنی كۆمەڵ پێمانوایە، ئەگەر ئەمە رێكەوتن نەبێت چۆن هێزێكی چەكداری توركی دێتە هەرێمی كوردستان و بەو شێوەیە رەشەكوژی ئەنجام بدات، پێویستە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكوەزیران و حكومەتی ناوەندی بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان گیانی هاوڵاتیان لەو رەشەكوژیە".

ئەندامەكەی فراكسیۆنی كۆمەڵ راشیگەیاند،"هیوادارین چیتر دەستی پێگانە نەگاتە وڵاتەكەمان و كەشوهەوایەكی ئارام بۆ وڵاتەكەمان دەخوازین و ناكرێت لەوە زیاتر خوێن لە هەرێمی كوردستان برژێت."

سەرۆكایەتیەكانی هەرێمی كوردستان باوكی ئەم میلەتەن، ئەو میلەتە چاوی لە دەستی ئەوانە، ئومێد دەكەین چاوێك بە دۆخی هەرێمی كوردستاندا بخشێننەوە و هەڵوێستیان هەبێت

 

لە كۆتایی لێدوانەكەیدا، بدریه‌ ئیسماعیل وتی،"سەرۆكایەتیەكانی هەرێمی كوردستان باوكی ئەم میلەتەن، ئەو میلەتە چاوی لە دەستی ئەوانە، ئومێد دەكەین چاوێك بە دۆخی هەرێمی كوردستاندا بخشێننەوە و هەڵوێستیان هەبێت".

زیاتر لە 16 كاتژمێر بەسەر بۆردومانی فرۆكە جەنگییەكانی توركیا لە زنجیرە چیای كورتەك و گیانلەدەستدان و برینداربونی 9 هاوڵاتی سیڤیل تێپەڕیوە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ كام لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەو رەشەكوژییە رانەگەیاندوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP