هەواڵی ئەمڕۆ

"دواین كتێبی لەژێر ناوی ئایدۆلۆژیست بڵاودەكاتەوە
بەختیار عەلی لەبارەی ناوەرۆكی كتێبە نوێكەیەوە زانیاری ئاشكرادەكات

- 6/27/2019 10:58:00 PM 2590 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كتێبی ئایدۆلۆژیست کە لەلایەن نوسەر بەختیار عەلی چاپكراوە و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەھەند كاری دابەشكردنی بۆ دەكات، لە سبەینێوە بڵاودەكرێتەوە و بەردەستی خوێنەران دەکەوێت.
بەریەککەوتنی توندی نێوان خۆرئاوا و جیهانی ئیسلامی، ئیدی بەریەککەوتنێکی ئاسایی نییە، دوبارەبونەوەیەکی سادەی جەنگە مێژوییە دێرینەکان نییە

 

بەختیار عەلی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک باسی لە ناوەڕۆکی کتێبە نوێیەکەی كردوە و نوسیویەتی، " ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی سروشتی ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییانەی کە دوای هەرەسی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە خۆرهەڵاتدا دەست پێدەکەن. دوای ئەو هەرەسە، بەریەککەوتنی توندی نێوان خۆرئاوا و جیهانی ئیسلامی، ئیدی بەریەککەوتنێکی ئاسایی نییە، دوبارەبونەوەیەکی سادەی جەنگە مێژوییە دێرینەکان نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ڕادیکالە کە خۆرهەڵات لەگەڵ پرسی دواکەوتن و لە جێمانی شارستانی خۆیدا ڕوبەڕو دەکاتەوە".

ئەوەش هاتوە، "لەو ساتەدا کە دوا ئیمپراتۆرییەتی دینی کۆتایی دێت، ئەم هەرەسە ئەگەری سەرهەڵدانی ڕێنیسانسێکی زانستی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ڕێنیسانسێک کە هیچ کات نە دەست پێدەکات و نە بناغەی سەرەتایی بۆ دروستدەبێت. لە ساتێکدا کە عەقڵییەتی زانستی ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی عەقڵییەتی غەیبانی دێرین، بۆشاییەکی قووڵ دەخوڵقێت،  بۆشایی نەمانی مەرجەعێک تاکەکان وەک سەرچاوەی خودسازیی سەیریبکەن. تەنیا ئایدۆلۆژیا دەتوانێت دەمی ئەو دەلاقەیە دابخات و چاڵی قووڵی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە. بەڵام ئایدۆلۆژیا دەستکردی بکەرێکی ئینسانییە، دەستکردی جۆرێک سوبێکتە کە لە ناو ئایدۆلۆژیا و لەگەڵ ئایدۆلۆژیا خۆیدا دروستدەبێت، ئەو بکەرە کەس نییە جگە لە فیگەرێکی مێژوویی کە نوسەر بە «ئایدۆلۆژیست» ناویدەبات، فیگەرێک تارماییەکەی بەسەر تەواوی سەدەی بیستدا باڵدەکێشێت و عەقڵییەت و مۆراڵی دەبێتە بناغەی ئەو عەقڵییەت و مۆراڵەی ئەمڕۆ ئێمە لە ناویدا دەژین".

ئەم کتێبە هەوڵێکی نزیکبوونەوەیە لە ڕیشە دێرینەکانی ئێستا، لە پشکنینی ئەو هۆیانەی لە پشت سەرهەڵدان و بەهێزبون و مانەوەی دڕندەیی سیاسی و دواکەوتنی مەعریفی ئێمەوەن

 

بەپێی پەیجی فەرمی نوسەر: ئەم کتێبە هەوڵێکی نزیکبوونەوەیە لە ڕیشە دێرینەکانی ئێستا، لە پشکنینی ئەو هۆیانەی لە پشت سەرهەڵدان و بەهێزبون و مانەوەی دڕندەیی سیاسی و دواکەوتنی مەعریفی ئێمەوەن، بەخوێندنەوەی هۆکانی سەرهەڵدان و میکانیزمەکانی ئیشکردنی ئەو بکەرە نادیار و ترسناکەی لە ژێر زۆر دەمامکدا خۆی شاردۆتەوە. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP