لەدوای مەلیک فەیسەڵی دوەم بۆ جاری یەكەم شاژنی بریتانیا یەکەمین بەرپرسی عێراق لە بەکینگھام پاڵاس دەبینێت

- 6/27/2019 7:28:00 PM 15612 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ سەرۆك د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و د.سەرباغ ساڵح خانمی یەكەمی عێراق لەلایەن شاژنی بەریتانیا ئێلیزابێسی دوھەم پێشوازیەكی گەرمیان لێكرا.

بەپێی زانیارییەكانی خەندان، لەدوای مەلیک فەیسەڵ، لە كۆشكی پەکینگھام پاڵاس ئەمە یەكەمین جارە شاژنی بریتانیا لەو كۆشكە بەشێوەیەكی فەرمی بەرپرسێكی عێراقی ببینێت و تیایدا سەرۆك بەرهەم تابلۆی ھونەرمەندێکی ئێزیدی پێشکەش بە شاژنی بریتانیا کرد.

لە 26 ی ئەیلولی 1952 بۆ یەكەمین جار شاژنی بەریتانیا ئێلیزابێسی دوھەم چاویكەوت بە مەلیك فەیسەلی دوهەمی عێراق و هەروەها لە 16ی تەموزی 1956 بۆ جاری دوهەم شاژنی بەریتانیا ئێلیزابێسی دوھەم چاویكەوتەوە بە مەلیك فەیسەلی دوهەمی عێراق.

 

پێشترو لە 9/ئۆكتۆبەری 2009 شاژنە ئێلیزابێس-ی دوەم لە كۆشكی (مانشن هاوس) پێشوازی لە مامجەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق و كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی كرد، دوای ئەوەی لە كەنیسەی پۆڵس لە ئاهەنگی رێزلێنان لەو سەربازە بریتانیانەدا بەشداریانكرد كە لە عێراق خزمەتیانكردوە.

 

بەپێی زانیارییەكانی خەندان، ئەو تابلۆیەی لە پشت سەرۆك بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و شاژنی بەریتانیا ئێلیزابێسی دوھەم دەبینرێت، تابلۆی ھونەرمەندێکی ئێزیدیەو ئەمڕۆ لە سەردانەكەیدا سەرۆك كۆماری عێراق پێشکەشی شاژنی بریتانیای كردوە.

 

شاژنە ئێلیزابێسی دوھەم وەكو یەكەمین منداڵی پاشا و شاژنی شاری یۆرك لە 21/4/1926 لە ناوچەی مای فەیر لەلەندەن لەدایك بوە، تا ئێستا شاژنی شانشینی یەكگرتوی بریتانیایە و دوهەمین شاژنی جیهانە كە زۆرترین ماوە لەسەر كورسی شانشینی ماوەتەوە و لەئێستادا تەمەنی 93 ساڵە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP