"ع.ج. سەگرمە بەرهەمێکی نوێی بۆتۆمارکردوە"
47 ساڵ بەسەر کۆچیدوایی حەسەن زیرەک تێدەپەڕێت

- 6/26/2019 10:38:00 PM 5742 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حەسەن زیرەک گۆرانیبێژی ناوداری کورد، ھونەرمەند و مۆزیکزانی سروشتی (لەدایکبووی ١٩٢١ - کۆچی دوایی ١٩٧٢) لە شاری بۆکان ھاتوەتە دنیاوە، ئەو یەکێکە لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد. بەرچاوترین کاری ئەو، کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ھونەری ئاواز و گۆرانی کوردییە کە بە دەنگی ئەو وتراوەتەوە. ئەو بە ھۆی گۆرانییەکانی لە ناو کوردانی ڕۆژهەڵات و باشور ناسراوە. لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بۆکان لە پارێزگای ورمێ کۆچی دوایی کردوە و بە خاک سپێردراوە.

حەسەن زیرەک لە موکریان لە دایک بوە لەرۆژی ٢٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٢١ی زایینی، شوێنی لە دایکبونی زۆر ڕون نییە، بە گوێرەی وتەی چەند سەرچاوەیەک خەڵکی شاری بۆکانە و لە گەرەکی قەڵای سەرداری ئەم شارە لە دایک بوە و زۆر کەسیش لەوانەی کە لە نزیکەوە دەیناسن، گوندی "ھەرمێلە" کە لە نێوان شاری سەقز و بۆکان ھەڵکەوتوە بە شوێنی لە دایکبوونی دەزانن.

لە ١٤ی گەلاوێژی ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، لەوێ چوە بۆ ڕادیۆی تاران، کرماشان و تەورێز و لەوێوە گۆرانی وتوە. ھەر لەو ساڵەدا لە ڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی ئاشنا دەبێت و پێکەوە ژیانی ھاوبەش پێکدەهێنن و دەبنە خاوەنی دو منداڵ بە ناوەکانی "مەھتاب" و "ئارەزو". ساڵی ١٣٤٧ی ھەتاوی حەسەن زیرەک ماڵەکەی دەباتە شاری بانە و لەوێ لە "کانی مەلا ئەحمەد" چایخانەیەک دادەمەزرێنێت، شان بە شانی ئەو کارەش لە گۆرانی وتن و کاری ھونەری ناوەستێ و لە بەزم و شادی خەڵکدا بەشداری دەکات و بە لە بۆنەی جۆراوجۆردا گۆرانی تۆمار دەکات. پاشان دەچێتە شاری مەھاباد و لە دواکاتەکانی ژیانیشیدا دەچێتە شاری شنۆ. لە شاری شنۆ بە کار و کاسبی ژیان تێپەڕ دەکات. لە ساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦١ لە شاری سلێمانی لە تیپی "شانۆی ھونەرەجوانەکان" لەگەڵ "سێوەخان" و "ڕەشۆڵ عەبدوڵڵا" لە شانۆی «بووکی ژێر دەواری ڕەش» و «خەسوو یان ئەژدیھا» و «تەڕپیر» بەشداری کردوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٧ – ١٩٦٨ لە شاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە کە بۆ خۆی لەوێ گۆرانی گوتووە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک، پشت بەستنی ئەوە بە گۆرانی فۆلکلۆر. ئەو چاوی بە زۆر ناوچە و مەڵبەندی کوردستان کەوتوە، لێیان ماوەتەوە، لا ی خەڵکەکەی میوان بوە و ھەڵسان و دانیشتنی لەگەڵیان بوە و لەگەڵ شێوەی ژیانیان و جلوبەرگ و ھەڵسوکەوتیان ئاشنا بوە. ئەو گۆرانییانەی لە خەڵکەوە بیستوویەتی، فێری بوە. ھەرچەند زیرەک زۆر گۆرانیشی ھەیە کە ھەم ھەڵبەستەکەی و ھەم ئاوازەکەی ھی خۆیەتی. زیرەک لە شیعری کوردیش کەڵکی وەرگرتوە. لەوانەش شاعیران: نالی، وەفایی، سەید کامیل ئیمامی، کوردی، ھەردی، پیرەمێرد و ھێمن. زیرەک بۆ نمونە شیعری "شەو"ی سەید کامیل ئیمامی کردووە بە گۆرانی.

حەسەن زیرەک گۆرانی فارسی و ئازەریی ھەیە، لەو جۆرە گۆرانییانەدا زیرەک ھەڵبەستی کوردی تێکەڵاو کردون. "گویلدر" یەکێکە لەو گۆرانییانە کە بە زمانی ئازەری وتویەتی.

بەشێک لەگۆرانییەکانی

دیسان شەو ھات
وەک قومری
لۆرکێ
کەتانە
ھەی نار
کابوکێ
لەیلا
کرماشان شاری شیرین
ئەمان دکتۆر
بۆ چ منت ناوێت
ھۆ لەیلی
ماڵی بابم نەسرین
کەویار
ئەسمەر

ئەمڕۆش دوای تێپەڕینی 47 ساڵ بەسەر کۆچیدوایی زیرەکدا، هونەرمەند و ئاوازدانەر د.عەبدوڵا جەمال سەگرمە بەرهەمێکی نوێی بڵاوکردەوە و لە نوسینێکدا ڕایگەیاند: ئه‌م كاره‌ی ئێستا كه‌ له‌ ساڵیادی کۆچی زیره‌كدا پێشكه‌شم كردوە، یه‌كێكه‌ له‌و گۆرانییانه‌ی كه‌ له‌ ساڵانی حه‌فتاكاندا به‌ ده‌زگاری زۆر ئاسایی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تۆماركراوه. موزیكی تایبه‌تم بۆ داناوه‌، تۆمارم كردوه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌نگه‌ ئۆریجیناڵه‌كه‌ی زیره‌ك خۆیدا‌ جارێكی دیکە تێكه‌ڵم كردوه‌ته‌وه‌، دەشڵێت، "زیرەک ناسراوترین گۆرانیبێژی كوردی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌، كه‌ كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر گۆرانیبێژ و موزیككارانی كورد به‌ گشتیی و موزیككارانی ناوچه‌كه‌ به‌ تایبەتی هه‌بوه‌"


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP