بەپەلە

نوێترین چاوپێکەوتنی سەرۆک بەرھەم لەگەڵ CNN
سەرۆک بەرهەم: نیگەرانین لە گرژیی و ئاڵۆزیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران

- 6/26/2019 5:13:00 PM 40645 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، نیگەرانن لە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ، سەبارەت بە تێوەگلانی عێراق و بون بە بەشێك لەو ئاڵۆزیانەش دەڵێت، "عێراق لە ماوەی چوار دەیەی رابردودا بە دۆزەخدا تێپەڕیوە و كۆتا ململانێی لەگەڵ رێكخراوی چەكداری داعشدا كردوە".

سەرۆک بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ CNN لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران رایگەیاندوە، "ئێمە بە راستی نیگەرانین لەو گرژی و ئاڵۆزیانە، سەبارەت بە تێوەگلانی عێراق و بون بە بەشێك لەو ئاڵۆزیانەش نیگەرانین، عێراق لە ماوەی چوار دەیەی رابردودا بە دۆزەخدا تێپەڕیوە و كۆتا ململانێی لەگەل رێكخراوی چەكداری داعشدا كردوە، نابێت هەولەكانی عێراق بۆ سەقامگیری بە كەم بنرخێنرێت، چونكە ئێمە بنیادنانەوە و بوژانەوەمان دەوێت".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی سەرۆک کۆمار رای چیە بەرامبەر بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، كە رایگەیاند لە هێرشە ئامادەكراوەكەی بۆ سەر ئێران كشاوەتەوە؟، سەرۆک کۆمار وتویەتی، -دلخۆشین بەوەی جەنگ و پێكدادان لە ناوچەكە دورخراوەتەوە، ئەو بەشەی جیهان بۆ ماوەیەكی زۆر بە زنجیرەیەك لە جەنگ و ململانێدا تێپەڕیوە، ئێمە جەنگێكی دیكەمان ناوێت و ئەم كێشەیە لە رێگەی سەربازیەوە چارەسەرناكرێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "پێویستە بە مەبەستی چارەسەری كێشەكان لایەنەكان پێكەوە دابنیشن و سەبارەت بە كێشە سەرەكیەكانی ناوچەكە گفتوگۆبكەن، لە روبەروبونەوەی تێرۆر و كێشە ئابوریەكان، ئەم بەشەی جیهان پێویستی بە چارەسەری بنچینەیی هەیە نەك جەنگێكی دیكە".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی راستە لە ئێستادا دەڵێن جەنگ دورە لە رودانی، بەڵام لێدوانەكانی ئەمداوییانەی ترەمپ سەبارەت بە جەنگ و لێدوانەكانی رۆحانی كە كۆشكی سپی بە "نەخۆشی هزری" ناوبرد، ئایا ئێران هەست بە فشاردەكات؟ سەرۆک بەرهەم رایگەیاندوە، -بێگومان ئێران لەژێر فشار و ئازاردایە، ئەو گرژیی و ئاڵۆزیەش ئازاری تەواوی ناوچەكە دەدات نەك بە تەنها ئێران، هەموان لەژێر فشاردان  و دڵخۆشنین بەو روداوانەی لە ناوچەكەدا هەیە، چۆن پێشتر وتم، ئەو رێگایە چارەسەری كێشەكان ناكات بەڵكو پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن تا بگەنە ئەنجام".

سەرۆک بەرهەم لەبارەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ەوە رایگەیاندوە، "رێكەوتنە ئەتۆمیەكەی نێوان ئێران و ئەمریكا و چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپی، بە رەزامەندی لایەنەكان بوە، ئەگەر هەر تێبینیەك لەسەر ئەو رێككەوتنە ئەتۆمیە هبێت پێویستە لە رێگەی دانوستانوە چارەسەربكرێ، لابردن و سڕینەوەی ئەو رێككەوتنەش كێشەیەكی زۆر گەورە لە ناوچەكەدا دروستدەكات و زیانی بۆ هەموو لایەنەكان دەبێت"

پێشکەشکارەکەی CNN پرسیاری ئەوەی ئاڕاستەی سەرۆک بەرهەم کردو، ئایا جەنگی ئەمریكا بۆ عێراق، هۆكاربو بۆ زیادركردنی هەژمونی ئێران لە عێراق؟ لەوەڵامدا سەرۆک وتویەتی، "بە شێوەیەكی بنچینەیی هاورا نیم، كارە جیاكانی و رەگەزپەرستی و كۆمەڵكوژیەكانی سەدام حسێن بوە هۆی زیادكردنی هەژمونی وڵاتان لەناو عێراق، جەنگی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق تا ئێستاش كاریگەری ماوە و نابێت بە كەم سەیری كاریگەریەكانی ئەو جەنگە بكەین".

"ئێران و عێراق هاوسێی یەكدین و هەزار و 400 كیلۆمەتر سنور لەنێوانیاندایە، خەڵك باس لە كاریگەریەكانی ئێران دەكات لەسەر عێراق، بەڵام عێراقیش بە هەمانشێوە كاریگەری لەسەر ئێران هەیە، بە نمونە نەجەف، كە ناوەندی شیعەیە و گرنگیەكی زۆری بۆ ئێران هەیە، زۆرینەی خەڵكی عێراق بە كەوتنی سەدام دڵخۆش بون كێشەكانی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ پێش 2003"، سەرۆک بەرهەم ساڵح وایوت.

رونیشیکردوەتەوە، "حكومەتی عێراقی خاوەنی سیاسەتێكە كە لە لایەن پارتە سیاسیە سەرەكیەكانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەوەش هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی دەگرێتەوە، كە راستەوخۆ لە لایەن سەرۆك وەزیرانەوە بەڕێوەدەبڕێت، بەپێی ریكارەكان، ئەو هێزانە و هێزەكانی دیكەی وەك سەربازانی ئەمریكا لەو ناوچەیەدان بۆ روبەروبونەوەی داعش و تێرۆر، هەر هێرشێك بۆ سەر ئەو هێزانە هاوتایە لەگەڵ هێرشكردنە سەر عێراق و حكومەتەكەی، سەبارەت بەو روداوانەی لەمدواییانەدا لە عێراق رویدا، سەرجەم كیانە سیاسیەكانی عێراق بە حەشدی شەعبی-ەوە، ئیدانەی ئەو كارانەیان كرد، عێراق نایەوێت بچێتە ناو ئەو مملانێیە".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی هێزەكانی ئەمریكا تا كەی لە عێراق دەمێننەوە؟ سەرۆک بەرهەم دەڵێت، -تا ئەو كاتەی حكومەتی عێراق بە پێویستی دەزانێت، مەترسی داعش راستە شكستی پێهێنراوە، بەڵام نابێت پاشماوەكانیان بە مەترسی دانەنێین، پێشتر لە عێراق بە درێژایی شاڵانی رابردو روبەروی چەندین كاری تێرۆریستی بوینەتەوە، ئەلقاعیدە هەبو داعش-یش شكستی پێهێنرا، بەڵام نامانەوی لە داهاتودا روبەڕوی نەوەكانی داعش ببینەوە".

ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئێمە لەگەڵ ئێران هاوسێی یەكدین و پەیوەندی ئابوری ئێران وعێراق پێكەوە گرێدەدات، بابەتی پشتبەست بە خود لە ماوەی ئەم چەند مانگەی سەرۆكایەتی حكومڕانیدا ئەنجامنادرێت، چونكە عێراق ماندوی جەنگ و ململانێكانە و ئابوریەكەی بە راستی شێواوە، ئێمە بە سەختی هەوڵدەدەین پشت بە خۆمان ببەستین، لەوبارەیەوە دەستپێك هەیە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە تەواوی ئێران و عێراق لە یەكدی داببڕین ئەوە بە كرداری ناتوانرێت ئەو پەیوەندی و بەرژەوەندیە گرنگە كۆمەڵایەتی و ئاینی و ئابوریانەی كە ئەو دوو وڵاتە پێكەوە دەبەستێتەوە بە ئاسانی بپچڕێنرێت".

لە وەڵامی ئەوپرسیارەی ئایا لێكچون لە نێوان فشار و هەڵوێستەكانی جۆرج دەبڵیو بوش بەرامبەر رژێمی پێشوی عێراق و فشارەكانی ئێستای ئەمریكا بەرامبەر بە كۆماری ئێران هەیە؟ سەرۆک بەرهەم دەڵێت، "سەدام حسێن دیكتاتۆر بو كە كۆمەڵكوژی ئەنجامدا و كاری توندئاژۆیی لە ناوچەكەدا بڵاودەكردەوە، هۆكاری مەترسی بو بۆ خەڵكەكەی خۆی، ئێمە شایەتحاڵی ئەو دۆخەین، عێراقیەكان هەوڵی گۆڕانكاریەكی راستەقینەیان دەدا".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP