تەواوی وردەكاریەكان لە خەندانەوە
بە ڤیدیۆ..هه‌ڵمه‌تی ژینگه‌دۆستی چیه‌ و چۆن ده‌ستیپێكرد

- 6/26/2019 10:42:00 AM 3824 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

له‌ رێكه‌وتی 5ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا، كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ رۆژی جیهانی ژینگه‌، هه‌ڵمه‌تێك به‌ناوی "ژینگه‌دۆستی" له‌ كوردستان ده‌ستی پێكرد و رۆژانه‌ ده‌سته‌ ده‌سته‌ هاوڵاتیان ده‌بنه‌ به‌شداری ئه‌و هه‌لمه‌ته‌، كه‌ به‌ مه‌به‌ستی هۆشیاركردنه‌وه‌ و به‌كرداركردنی شێوازی ژیانێكی ژینگه‌دۆست راگه‌یه‌ندراوه‌.

به‌شداربوانی ئەم هه‌ڵمه‌ته، له‌ رێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ و به‌ وێنه‌ و ڤیدیۆ، هه‌نگاوه‌ كرداری و زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی پاراستنی ژینگه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو، كه‌ له‌ ئێستادا ورده‌ ورده‌ ده‌چێته‌ ناو سه‌رجه‌م چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه‌.

سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌، دكتۆر ئه‌حمه‌د خالید، ئه‌ندامی گروپی ژینگه‌دۆستی ورده‌كاری هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ و ئامانج و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چونی هه‌نگاوه‌ كرداریه‌كانی بۆ خه‌ندان رونكرده‌وه‌: 

 

ژینگه‌دۆستی چیه‌ و چۆن ده‌ستی پێكرد؟

ژینگه‌دۆستی هه‌ڵمه‌تێكه‌ كه‌ له‌ رۆژی جیهانی ژینگه‌دا ده‌ستیپێكرد و له‌ ژماره‌یه‌ك كه‌سی پسپۆڕ و چالاكوانی ژینگه‌ پێكهاتوه‌، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی ژینگه و ژیانی سه‌رجه‌م تاكه‌كانه‌، تا بتوانین بیكه‌ینه‌ بڕیارێك بۆ گۆڕینی ستایلی ژیانمان به‌ره‌و ژینگه‌دۆستی، نه‌ك ته‌نها گوفتار بێت و نه‌یخه‌ینه‌ بواری جێبه‌جێكردن.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌ 10 هه‌فته‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، هه‌ر هه‌فته‌یه‌ك تایبه‌ته‌ به‌ بابه‌تێكی تایه‌بت به‌ پاراستنی ژینگه‌ و ژیانمان، له‌و 10 هه‌فته‌یه‌دا زانیاری له‌باره‌ی چۆنیه‌تی پاراستنی ژینگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ و كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌ین دوای ئه‌و 10 هه‌فته‌یه‌ شێوازی ژیانی زۆرترین كه‌س بگۆڕین به‌ره‌و ژیانێكی ته‌ندروست و ژینگه‌دۆست.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گروپێكمان له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك دروستكردوه‌ و رۆژانه‌ هه‌زاران ئه‌ندام دێنه‌ ناو گروپه‌كه‌وه‌ و به‌شداری چالاكن،كه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر به‌ نوسین و گوفتار، به‌ڵكو به‌ كرداری زیندو چالاكیه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ڕو.

ئه‌م كاره‌ به‌رپرسیاریه‌كی نیشتیمانی و ره‌وشتی و ویژدانی و ئاینیه‌ و ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر سه‌رجه‌م تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ بیگرنه‌ ئه‌ستۆ، چونكه‌ به‌شێكی باشی ژینگه‌دۆستی په‌یوه‌ندی به‌ ته‌ندروستیه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ كه‌مركردنه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌ درێژخایه‌نه‌كانی وه‌ك شێرپه‌نجه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ نه‌پاراستنی ژینگه‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.

ئێمه‌ باسی ئه‌و بابه‌ته‌ ژینگه‌ییانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ تاكه‌وه‌ هه‌یه‌ و زۆر گرنگه‌ هه‌موو چین و توێژه‌كان ئاگاداری بن، چونكه‌ تاكی ئێمه‌ ژینگه‌دۆستی به‌ پاككردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان له‌ خاشاك و چاندنی روه‌ك و دره‌خت تێگه‌یشتوه‌، كه‌ ئه‌وه‌ به‌شێكی زۆر بچوكی ژینگه‌دۆستیه‌ و بابه‌ته‌كه‌ له‌وه‌ زۆر مه‌ترسیدارتره‌.
هه‌وڵمانداوه‌ ئه‌و چالاكیه‌ له‌ رێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆن بگه‌یه‌نینه‌ خه‌ڵك و سه‌رجه‌م تاكه‌كان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و حكومه‌ت، تا رایبگه‌یه‌نین ئه‌مه‌ ئه‌ركی هه‌موانه‌ و پێویسته‌ هه‌مومان له‌م كاره‌دا هاوكاربین.

پێكهاته‌ی ئه‌نجامده‌رانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌ خه‌ڵكی هه‌رێم و ته‌نانه‌ت كه‌سانی ژینگه‌دۆستی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش پێكهاتوه‌ كه‌ لایان گرنگه‌ پێكه‌وه‌ هه‌وڵی پاراستنی ژینگه‌ بده‌ین.

به‌ گشتی ئامانجتان چیه‌؟

ده‌مانه‌وێت هۆكاری له‌باره‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی پاراستنی ژینگه‌ بده‌ینه‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و دواجار ده‌نگمان بگه‌یه‌نینه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌توانین له‌ هه‌ر شوێنێكی جیهان پێیان بگه‌ین، ئامانجمان ئه‌وه‌ نیه‌ كاره‌كه‌ به‌ ناوی ئێمه‌وه‌ بڕوات، سوپاسی هه‌ر كه‌سێك ده‌كه‌ین كه‌ به‌ناوی خۆیه‌و ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی ئێمه‌ به‌كاربهێنێت بۆ پاراستنی ژینگه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ خزمه‌ته‌كه‌ بكرێت، جا به‌ ناوی ئێمه‌وه‌ بێت یاخود نا ئه‌وه‌ گرنگ نیه‌.

ده‌مانه‌وێت سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی رێكخستنه‌وه‌ و به‌كارهێنانه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی وه‌كو پلاستیك و خۆراك و خاشاك وهه‌تا دوایی، زانیار بده‌ینه‌ تاكه‌كان، تا هۆشیارتربن و بتوانین پێكه‌وه‌ پاشماوه‌كان به‌ شێوازێكی دروستتر به‌كاربهێنینه‌وه‌، یاخود به‌كارهێنانی پلاستیك كه‌مبكه‌ینه‌وه‌، ئه‌م كاره‌ ته‌نها ئه‌ركی حكومه‌ت نیه‌  و به‌نده‌ له‌سه‌ر هۆشیاری تاكه‌كان.


ناكرێت به‌ به‌رده‌وامی خاشاك و پاشماوه‌ فڕێبدرێت  وهیچ پلانێكیشمان نه‌بێت بۆ رێكخستنه‌وه‌ و رزگاربون له‌و رێژه‌ زۆره‌ی خاشاك، بۆیه‌ پێویستیشه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بێنه‌ سه‌ر خه‌ت و كاری تێدابكه‌ن.

 

وه‌ك ئاماژه‌تان پێكرد ژینگه‌دۆستی بابه‌تێكی ساده‌ نیه‌و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی ژیان و پیشه‌ جۆراوجۆره‌كانیش په‌یوه‌ندیان به‌ دروست به‌كارهێنان هه‌یه‌، بۆ پاراستنی ژینگه‌ و ژیان، ئێوه‌ چیتان كردوه‌ تا هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ بگه‌یه‌نن به‌ هه‌موو چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌؟

بیرۆكه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سانێك له‌ رێگه‌ی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌ بوروژێنن و بیكه‌نه‌ بابه‌ت، دواتر ژماره‌یه‌ك كه‌سی دیكه‌ هاوشانیان خۆیان بكه‌نه‌ خاوه‌نی بابه‌ته‌كه‌ و هه‌ركه‌سه‌و لای خۆیه‌وه‌ و به‌ تێڕوانین و تێگه‌یشتنی بۆ دیوێك له‌ دیوه‌كانی بابه‌ته‌كه‌ خزمه‌ت بكات، كه‌سانێكی زۆر باش په‌یوه‌ندیان كردوه‌ و زۆرینه‌ی شوێنه‌كانمان به‌سه‌ركردوه‌ته‌وه‌ و چوینه‌ته‌ باخچه‌كانی ساوایان تەنانەت ئه‌نجومه‌نی پارێزگاشمان به‌سه‌ركردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ئه‌م كاره‌ پێویسته‌ زیاتر بگه‌یه‌نرێت تا به‌ كرداری و وه‌كو شێوازێكی ژیان بڕواته‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ و دانه‌بڕێین له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌.

له‌ هه‌مانكاتدا ئێمه‌ به‌پێی بارودۆخی كوردستان بێ ئه‌وه‌ی به‌راوردی بكه‌ین به‌ وڵاتانی پێشكه‌وتو هه‌وڵمانداوه‌ ئامانجه‌كانی رێكخراوی UN (نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان) بگونجێنین تا بتوانین له‌ هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاكانه‌وه‌ و له‌ ماڵه‌كانی خۆمانه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین تا هێواش هێواش ببێته‌ كه‌لتور لای هه‌موان.

تا ئێستا هیچ لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵتان كردوه‌ ؟ 

هه‌مومان ده‌زانین كه‌س نیه‌ نكوڵی له‌ پاراستنی ژینگه‌ و ژیان بكات، به‌ڵام هه‌نگاوه‌ گوفتاریه‌كان زۆر جیاوازن له‌ هه‌نگاوه‌ كرداریه‌كان، هێشتا هه‌نگاوی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌چاو ئه‌وه‌دا نیه‌ كه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ین، ئوه‌ش ده‌كه‌وێته‌وه‌ سه‌ر خۆیان، چونكه‌ دواجار ئه‌م كاره‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ و ئه‌وانیش ئێستا بێت یاخود دره‌نگتر هه‌ر دێنه‌ ناو بابه‌ته‌كه‌، ئێمه‌ كراوه‌یان به‌ روی هه‌ر لایه‌ن و كه‌سێكدا، به‌ بێ هیچ چاوه‌ڕوانیه‌ك، ته‌ناه ئه‌وه‌ نه‌بێت ئه‌و كه‌س بیه‌وێت كارێك بۆ ژینگه بكات، كه‌سانێك هه‌ن، به‌ڵام هێنده‌ی پێویست نیه‌.

 


نیشانەکردن :

#ژینگەدۆستیی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP