رۆحانی: بەتوندی وەڵامی ئەمریکا دەدەینەوە

- 6/25/2019 10:50:00 PM 7857 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
حەسن رۆحانی سەرۆکی ئێران لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند وڵاتەکەی خوازیاری جەنگ نیە لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام بەتوندی وەڵامی هەر هێرشێکی ئەمریکا دەدەنەوە.

بەپێی هەواڵێکی سکای نیوز، لەپەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی نێوان ماکرۆن و رۆحانیدا کە هەوڵی ماکرۆن بوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، رۆحانی جەختی کردۆتەوە کە وڵاتەکەی نایەوێت لەگەل ئەمریکا بکەوێتە جەنگەوە.
ئەگەر ئەمریکا سنورە ئاسمانیی و ئاوییەکانی وڵاتەکەی ببەزێنێت، بەهەمان شێوەی پێشوتر وەڵامی دەدەنەوە

رۆحانی جەختیشی کردۆتەوە ئەگەر ئەمریکا سنورە ئاسمانیی و ئاوییەکانی وڵاتەکەی ببەزێنێت، بەهەمان شێوەی پێشوتر وەڵامی دەدەنەوە.
ئێران ناگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆ لەبارەی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی 2015 لەگەڵ ئەمریکا

هاوکات، ئاژانسی تەلەبەی ئێرانی بڵاویکردۆتەوە رۆحانی لەپەیوەندیە تەلەفۆنیەکەیدا لەگەڵ هاوتا فەرەنسیەکەی جەختی کردۆتەوە کە ئێران ناگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆ لەبارەی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی 2015 لەگەڵ ئەمریکا.

ئێوارەی ئەمرۆ، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەچەند تویتێکدا رایگەیاند وڵاتەکەی وەڵامی توندی هەر هێرشێکی ئێران دەدەنەوە کە بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانیان.

ترەمپ وتیشی هیواخوازە ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، چونکە خەڵکی ئەو وڵاتە بەدەست کۆمەڵێک گرفتی بێ بنەماوە دەناڵێنن.

لەماوەی دور رۆژی رابردودا، پاش واژۆکردنی سزا نوێیەکانی سەر ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە، لێدوانی توند و هەڕەشە بەردەوامەکانی نێوان هەردولا روی لەزیادبون کردوە.

نیشانەکردن :

#ئێران_ئەمریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP