ماکرۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ رۆحانی ئەنجامدا
فەرەنسا یەکەم هەنگاوی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەستپێکرد

- 6/25/2019 9:03:00 PM 2560 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ئێوارەی ئەمرۆ کۆشکی ئەلیسا بڵاویکردەوە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران، ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا یەکەم هەنگاوی خۆی هاویست و پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەی ئەنجامدا.

بەپێی هەواڵێکی ئەل عەرەبیە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەمە ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەجامداوە و بیروڕای جیاوازیان لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران گۆڕیوەتەوە.
ماکرۆن داوای لە رۆحانی کردوە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات

هەرچەندە کۆشکی ئەلیسا رەتیکردەوە زانیاری زیاتر لەبارەی ناوەرۆکی پەیوەندیە تەلەفۆنیەکە ئاشکرابکات، بەڵام نوسینگەی سەرۆک کۆمار بڵاویکردەوە کە ماکرۆن داوای لە رۆحانی کردوە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات.

هەر ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند وڵاتەکەی بەهاوبەشی هەریەک لە ئەڵمانیا و بریتانیا هەوڵی هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن.

پاش ئەوەی ئەمریکا خولێکی دیکەی سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاند، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران پێینایە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە و ترەمپیش لەدواین تویتی خۆیدا هەڕەشەی زیاتری لە ئێران کرد و رایگەیاند هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان وەڵامی توندی دەبێت. 

نیشانەکردن :

#فه‌ڕه‌نسا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP