بەوێنە؛ سەرۆك بەرهەم لەلایەن تێریزا مەی پێشوازی لێكرا

- 6/25/2019 7:19:00 PM 7229 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە سەردانەكەیدا بۆ شانشینی یەكگرتوی بریتانیا، ئەمڕۆ سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن تێریزا مەی سەرۆكوەزیرانی بریتانیا كە لەئێستادا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی راگەیاندوە پێشوازیی لێكرا.

سەرۆک بەرھەم ساڵح لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەی بەگرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دو قۆڵییەکان و فراوانکردنی ھاریکارییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتی لە گشت بوارەکاندا کردەوە، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی بەغدا و لەندەن بکات، ھاوکات بە پێویستی زانی کە حکومەتی بەریتانیا رۆڵی کاریگەری خۆی ببینێت لە کەمکرنەوەی گرژییەکان و سەقامگیری ناوچەکەدا. 

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار رۆڵی بەریتانیای لە جەنگی دژی تیرۆر و بەشداری بەردەوامی لە پشتیوانی ھێزە ئەمنیەکانی عێراق و مەشق و پڕچەککردنی بەرزنرخاند، ھەروەھا ھیوای خواست کە بەریتانیا بەشداری زیاتر بکات لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی عێراق بەتایبەتی لە ناوچە رزگارکراوەکاندا.

لەلای خۆیەوە، تێریزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا سیاسەتی عێراقی لە سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە و رۆڵی سەرۆک بەرھەمی لە بەھێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی بەرزنرخاند، ھاوکات پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ گەل و حکومەتی عێراقی دەربڕی لە سەقامگیری و دووبارە ھەڵساندنەوەی عێراق.

ھەر لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوا پێشھاتەکانی ناوچەکە کرا و جەخت لە چڕکردنەوەی ھەوڵەکان کرایەوە بە ئاڕاستەی ھێورکردنەوەی دۆخەکە و کۆتای ھێنان بە قەیرانەکان، ھەروەھا ھەردوولا تاوتوێی ئەو ھەوڵانەیان کرد کە خراونەتە گەڕ لە جەنگی تیرۆر و جەختیشیان لە پێویستی بە ھێزکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگی نێوان لایەنەکانی ناوچەکە کردەوە  بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو مەترسییانەی کە دووچاری ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و جیھان بووەتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP