خەندان هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات
راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەستی لەكاركێشایەوە

- 6/25/2019 5:16:00 PM 18585 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە حزبەكەی راگەیاند، بەپێی زانیارییەكانی خەندان دەستەكاركێشانەوەكە پەیوەندی بە پۆستی وەزارەتی دادی عێراقەوە هەیە.

لە نامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست خەندان كەوتوە و ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی كردوە، سمكۆ ئەسعەد راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی حزبەكەی راگەیاند.

لەگەڵ ئەوپەڕی رێزم بۆ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و قارەمانانی ئاسایش و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەم نامەیە، دەستلەكاركێشانەوەم لە ئەندامێتی (ی ن ك) بە بەڕێزتان رادەگەیەنم

 

لە نامەكەدا سمكۆ ئەسعەد نوسیویەتی،"لەگەڵ ئەوپەڕی رێزم بۆ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و قارەمانانی ئاسایش و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەم نامەیە، دەستلەكاركێشانەوەم لە ئەندامێتی (ی ن ك) بە بەڕێزتان رادەگەیەنم".

بەپێی زانیارییەكانی خەندان كە لەسەرچاوەیەكی ئاگادارو نزیك لە سمكۆ ئەسعەد دەستی كەوتوە، دەستلەكاركێشانەوەی ناوبراو پەیوەندی بە پۆستی وەزارەتی دادی عێراقەوە هەیە.

كاتێك عادل عەبدولمەهدی كەسێكی دیكەی بۆ ئەو پۆستە كاندیدكرد لە دەرەوەی حزبەكەی بۆیە سمكۆ ئەسعەد نیگەران بوە لەوەی حزبەكەی بەرگری لە تاكە كاندیدەكەی نەكردوە

 

ئەو سەرچاوەیە بۆ خەندان ئاشكرایكرد كە سمكۆ ئەسعەد، پێشتر تاكە كاندیدی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوە بۆ وەزارەتی داد، بەڵام لە دواجاردا یەكێتی و پارتی پێكەوە لەسەر حاكم فاروق ئەمین رێكدەكەون و پێشكەشی عادل عەبدولمەهدی دەكەن بۆ پۆستی وەزارەتی داد، نیگەرانی سمكۆ ئەسعەدی لێدەكەوێتەوە و پێیوابوە دەبو حزبەكەی بەرگری لە تاكە كاندیدەكەی بكردایە، نەك لەبەر خاتری پارتی كەسێكی دیكە كاندید بكرایە.

سمكۆ ئەسعەد، ساڵی 1987 لە رێگەی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دیمەشق پەیوەندی كردوە بە ریزەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بەشداری راپەڕینی 1991ی كردوە، لە ساڵی 1994 بوەتە سكرتێری كۆمەڵەی خوێندكاران، دواتر و لە ساڵی 1996 كراوەتە بەڕێوەبەری پەیمانگای كادیرانی پیشەیی یەكێتی، لە ساڵی 2004 بوەتە ئەندامی مەكتەبی بیرو وشیاری یەكێتی و لە ساڵی 2011 گواستراوەتەوە بۆ مەكتەبی سیاسی و كراوەتە ئەندام مەكتەب، دواین پۆستی لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ساڵی 2013 وەرگرتوە و بوەتە راوێژكاری یاسایی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەمڕۆش لە نامەیەكدا بۆ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ، وازهێنانی خۆی لە حزبەكەی راگەیاند.

 


نیشانەکردن :

#یەکێتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP