ئەوروپیەكان هۆشداریی دەدەنە ئێران

- 6/24/2019 10:48:00 PM 7228 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
لەبارەی پابەندنەبونی بەرێکەوتنە ئەتۆمییەکەی 2015ی نێوان ئێران و وڵاتانی کاریگەری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەریەک لەدیپلۆماتكارانی فەرەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیا هۆشیارییان داوەتە کۆماری ئیسلامی ئێران و پێیانڕاگەیاندوە "هەرجۆرە پابەندنەبونێک دەرئەنجامی خراپی دەبێت."

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دوشەمە دو دپلۆماتکاری ئەوروپی لەبارەی پابەند نەبونی کۆماری ئیسلامی ئێران بە رێکەوتنە ئەتۆمیەکەی 2015، رایانگەیاندوە کە ئەڵمانیا و بریتانیا و فەرەنسا ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمی دپلۆماسییان داوەتە کۆماری ئیسلامی ئێران و لە ئەنجامی خراپی هەڵوێستەکانی بەرامبەر بەو رێکەوتنە ئاگاداریان کردۆتەوە.
ئاماژەیان بەو دەرئەنجامە خراپانە نەکردوە کە ئێران روبەروی دەبێتەوە

ئەو دپلۆماتکارانە ئاماژەیان بەو دەرئەنجامە خراپانە نەکردوە کە ئێران روبەروی دەبێتەوە لە ئەگەری پابەند نەبونی بەرێکەوتنەکە.

پێشتر کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندبو کۆتا وادە بۆ وڵاتانی ئەوروپا تا رێکەوتنەکە لەهەڵوەشاندنەوە بپارێزن رۆژی 8ی تەموزی داهاتوە و دوای ئەو وادەیە چیتر کات درێژناکاتەوە، وتیشی کە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرزدەکاتەوە و ئەوروپاش ناتوانێت رێگەی لێبگرێت.
ئێران رێگایەکی ستراتیژی بۆخۆی دۆزیوەتەوە کە ئەوروپا بە هەموشتێک تاوانباربکات

لەوبارەیەوە یەکێک لەدپلۆماتکارەکان رایگەیاندوە، ئێران رێگایەکی ستراتیژی بۆخۆی دۆزیوەتەوە کە ئەوروپا بە هەموشتێک تاوانباربکات، بەڵام بەردەوامبونی لەسەر ئەم رەفتارانە بۆ پێشێلکردنی رێکەوتنەکە ئەو وڵاتە روبەروی دەرئەنجامی خراپ دەکاتەوە.

جگەلەو سێ وڵاتە، هاوکات هەریەک لەروسیا و چین هەوڵی پاراستنی رێکەوتنەکەیان داوە و پاش کشانەوەی ئەمریکاش لەمانگی ئابی ساڵی رابردو، ئەوان پابەندبونی خۆیان بەرێکەوتنەکە راگەیاند.

نیشانەکردن :

#ئێران_ئەمریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP