لەبارەی سزا نوێیەکانەوە، ئێران وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە

- 6/24/2019 10:06:00 PM 19394 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ئێران وەڵامی سزا نوێیەکانی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند " سزاکان هۆکاری چەواشەکارییان لەپشتەوەیە." 
سزاکان پشتیان بەکۆمەڵێک بیانوی چەواشەکاری بەستوە

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، پاش واژۆکردنی فەرمانی جێبەجێکردنی سزا نوێیەکان لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە، کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگای ئاژانسی هەواڵی تەسنیم و فارس نیوز کە راگەیاندنی توندڕەوەکانی ئەو وڵاتەن وەڵامی هەنگاوە نوێیەکەی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند " سزاکان پشتیان بەکۆمەڵێک بیانوی چەواشەکاری بەستوە".

تا ئێستا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەکی فەرمی وەڵامی ئەمریکایان نەداوەتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا واژی لەسەر سەپاندنی سزا نوێیەکانی بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا کردو رایگەیاند سزاکانی ئەمجارەیان ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەنە ئامانج.

ترەمپ راشیگەیاند لەفەرمانی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمجارەدا هەمو جۆرە چالاکییەکی دارایی و پشتیوانی دارایی لە عەلی خامنەیی و هاوکارەکانی و هەمو ئەوانەی لە ئۆفیسەکەیدان قەدەغەکراوە." 
ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت ئێران ناچار بە گفتوگۆ بکات
ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت کۆماری ئیسلامی ئێران ناچاربکات مل بۆ گفتوگۆیەکی جیاواز لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بکات. 

ناوبەناو بەرپرسانی کۆشکی سپی پێشنیاری دانوستان و گفتوگۆی سەر مێز بۆ بەرپرسانی ئێران دەکەن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش جەختی کردەوە کە هیچ مەرجێکیان بۆ گفتوگۆ نیە، بەڵام تا ئێستا ئێران نەهاتۆتە ژێرباری داواکارییەکانی ئەمریکاوە.

لای خۆشییەوە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی کردەوە سزاکانیان کاریگەر دەبن و ئەگەر ئێران سیاسەتی خۆی نەگۆڕێت بەردەوام دەبن لەفشارەکانیان.
 

نیشانەکردن :

#ئێران_ئەمریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP