ترەمپ: سزا نوێیەکان رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەنە ئامانج

- 6/24/2019 7:28:00 PM 29729 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا واژی لەسەر سەپاندنی سزا نوێیەکانی بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا کردو رایگەیاند سزاکانی ئەمجارەیان ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەنە ئامانج.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، پاش واژۆکردنی فەرمانی سەپاندنی سزا نوێیەکان بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ترەمپ بە رۆژنامەنوسانی کۆشکی سپی راگەیاند "ئایەتوڵا عەلی خامنەیی بەرپرسی یەکەمە لە هەنگاوە دوژمنکارییەکانی ئێران، بۆیە سزاکانی ئەمجارەیان ئەو دەکەنە ئامانج".

ترەمپ راشیگەیاند لەفەرمانی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمجارەدا هەمو جۆرە چالاکییەکی دارایی و پشتیوانی دارایی لە عەلی خامنەیی و هاوکارەکانی و هەمو ئەوانەی لە ئۆفیسەکەیدان قەدەغەکراوە." 

ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت کۆماری ئیسلامی ئێران ناچاربکات مل بۆ گفتوگۆیەکی جیاواز لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بکات. 

ناوبەناو بەرپرسانی کۆشکی سپی پێشنیاری دانوستان و گفتوگۆی سەر مێز بۆ بەرپرسانی ئێران دەکەن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش جەختی کردەوە کە هیچ مەرجێکیان بۆ گفتوگۆ نیە، بەڵام تا ئێستا ئێران نەهاتۆتە ژێرباری داواکارییەکانی ئەمریکاوە.

لای خۆشییەوە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی کردەوە سزاکانیان کاریگەر دەبن و ئەگەر ئێران سیاسەتی خۆی نەگۆڕێت بەردەوام دەبن لەفشارەکانیان.


نیشانەکردن :

#ئێران_ئەمریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP