وەزارەتی پەروەردە: بردنە دواوەى قوتابییەکە پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبوە

- 6/24/2019 1:14:00 PM 48632 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لیژنەى ڕێکخستنى مەراسیمى ڕاگەیاندنى ئەنجامى ئەزمونە گشتییەکان رایگەیاند، بردنەدواوەى قوتابییەکە هیچ پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبوە، بەڵکو لە ڕێکخستنى یەکەم و دوەم و سێیەمەکانى ئاستى هەرێم و لە چوارچێوەى ڕیزبەندى، داوا لە سێیەمەکان کراوە بچنە پشتەوە و دوەمەکان لە ڕێزى دوەم و یەکەمەکانیش لە پێشەوە بوەستن.

لیژنەى ڕێکخستنى مەراسیمى ڕاگەیاندنى ئەنجامى ئەزمونە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردە لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاندوە، "بەداخەوە کۆمەڵێک کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بۆ مەبەستێکى دیاریکراو، کەوتونەتە تەقەو پڕوپاگەندەى ناڕاست و نەشیاو لەسەر دیمەنێکى مەراسیمەکە کە گوایە قوتابییەکى باڵاپۆش خراوەتە دواوە".

ئاماژە بەوەشکراوە، "بۆ بەرچاوڕوونى هەموان ڕایدەگەیەنین کە بردنەدواوەى قوتابییەکە هیچ پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبوە، بەڵکو لە ڕێکخستنى یەکەم و دوەم و سێیەمەکانى ئاستى هەرێم و لە چوارچێوەى ڕیزبەندى، داوا لە سێیەمەکان کراوە بچنە پشتەوە و دوەمەکان لە ڕێزى دوەم و یەکەمەکانیش لە پێشەوە بوەستن، ئەم قوتابییەش ئاستى دوەمى بە دەست هێنا بو، بۆیە برایە ڕیزی دوەم، ئەگەر ئێمە هەر نیەتێکى دیکەمان هەبوایە ئەوا هەر لە سەرەتاو بە مەرج بانگهێشتمان دەکرد". 

وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت، "ئەم پڕوپاگەندانە هەوڵێکە بۆ شاردنەوەى ئەو سەرکەوتنەى پڕۆسەى ئەزمونەکانى ئەمساڵ کە ئاستى دەرچون بە بەراوردى ساڵى ڕابردوو، دو بەرامبەرە".

لە رونکردنەوەدا هاتوە، "ئێمە لە وەزارەتى پەروەردە لە ئەمڕۆوە ڕێکارى یاسایى بەرامبەر هەر ناوزڕان و تەشهیرێک دەگرینەبەر و سکاڵاى لەسەر تۆمار دەکەین".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP