بۆ دوەم هەفتەی لەسەریەك نرخی نەوت بەرزبونەوەی بەخۆوەبینی

- 6/24/2019 10:56:00 AM 1762 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەمیانی بەردەوامی گرژیی و ئاڵۆزیەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئێران، نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا بەرزبونەوەی بەخۆوە بینی.

دوای ئەوەی هەفتەی رابردو گرژیی و ئاڵۆزیەكانی نێوان هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئێران روی لە زیادبون كرد و لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان بوە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت بە شێوەیەكی بەرچاو، نرخی ئەو بەرهەمە لەم هەفتەیەشدا بە هەمانشێوە بەرزبوەوە.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دوشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 50 سەنت و بەڕێژەی لەسەدا 0.8 بەرزبوەتەوە و نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردویەتیە 65.70 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا.

هاوكات نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا 70 سەنت و بەڕێژەی لەسەدا 1.2 بەرزترین ئاستی لەم مانگەدا تۆماركردوە و نرخی یەك بەرمیل كردویەتیە 58.13 دۆلار.  

هەفتەی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان رایگەیاند، "بڕیاربوە هێرشبكەینە سەر سێ ناوچەی جیاواز لە ئێران، بەڵام چەند خولەكێك پێش ئەنجامدانی هێرشەكە ئەو بڕیارەم هەڵوەشاندەوە".

ئەو وتانەی ترەمپ بوە هۆی ئەوەی دەستبەجێ نرخەكانی نەوت بە رێژەی لەسەدا پێنج بەرزبێتەوە و دواتریش پێگە ئابوریەكانی جیهان رایانگەیاند، "گرژیی و ئاڵۆزیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێرن بوەتە هۆی ئەوەی لەم هەفتەیەدا نرخەكانی نەوت رۆژ لە دوای رۆژ بەرزبوەنەوە بەخۆوە ببینێت". 

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP