"باڵەکانی دەپێچرێنەوە"
بۆوینگ پێشکەوتوترین فڕۆکەی خۆی نمایشدەکات

- 6/23/2019 4:26:00 PM 2706 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
رۆژی چوارشەمەی رابردو کۆمپانیای پیشەسازی فرۆکەوانی ئەمریکی ( بۆوینگ) پێشکەوتوترین بەرهەمی فڕۆکەی خۆی نمایشکرد کە باڵەکانی لەکاتی وەستاندا دەپێچرێنەوە.

بەپێی هەواڵێکی هەواڵێکی سی نێت، رۆژی چوارشەمەی رابردو کۆمپانیای پیشەسازی فرۆکەوانی ئەمریکی ( بۆوینگ) پێشکەوتوترین بەرهەمی فڕۆکەی خۆی لەجۆری (777x's) نمایشکرد کە باڵەکانی لەکاتی وەستاندا دەپێچرێنەوە.

بۆوینگ ئەم بەرهەمەی خۆی لەپێشانگای فڕۆکەوانی پاریس نمایشنەکرد کە هەفتەی رابردو بەڕێوەچو، بەڵکو دواتر لەوێنەیەکی ڤیدیۆیدا (777x's)ی نمایشکرد و بەیەکێک لەفڕۆکە پێشکەوتوە بازرگانییەکان پێناسەی دەکات کە جێگای سەرنجی کۆمپانیاکانی فرۆکەوانی جیهانی بێت.

پێشتر بۆوینگ هەوڵیدابو رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی فرۆکەوانی ئەمریکی ( FAA) وەرگرێت بۆ تایبەتمەندی پێچانەوەی باڵەکانی، بەو پێیەی بەڕێوەبەرایەتی فرۆکەوانی ئەمریکی پێیانوابوە ئەگەر بچوکترین کێشەی تەکنیکی تێدابێت وەک پێویست جێگیرنەبێت کارەساتی گەورە دروستدەکات.

 بەڕێوەبەرایەتی فرۆکەوانی ئەمریکی ( FAA) دە مەرجی بۆ ئەو تایبەتمەندییە داناوە کە یەکێکیان ئەوەیە دەبێت ئامێرێکی ئاگادارکردنەوە لەفرۆکەکەدا هەبێت بۆ ئاگادارکردنەوەی تەواوی ستافی فرۆکەکە ئەگەر راستبونەوەی باڵەکانی و جێگیربونی وەک پێویست نەبو.

پێشتر بەهۆی کەوتنەخوارەوەوە دو فڕۆکەی بۆوینگ و ئاشکرابونی کێشە تەکنیکییەکانی، ئەم کۆمپانیایە پاشەکشەیەکی گەورەی ئابوری کرد و لەئێستاشدا بەخستنەڕوی بەرهەمە پێشکەوتوەکانی هەوڵدەدات باری سەرنجی بازرگانان و کۆمپانیاکانی فرۆکەوانی بەلای خۆیدا رابکێشێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP