وەزارەتی دارایی داوا لە گەنجینەکان دەکات لیستی نوێی موچە ئامادە بکەن

- 6/23/2019 9:58:00 AM 41933 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری رایگەیاند، گەنجینەکان ئاگادارکراونەتەوە تاوەکو لیستی موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵ ئامادە بکەن.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "گەنجینەکان ئاگادارکراونەتەوە تاوەکو لیستی موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵ ئامادە بکەن و رەوانە وەزارەتی دارایی بکەن".

ئەمڕۆ یەکشەممە بە دابەشکردنی موچەی خانەنشینانی مەدەنی کۆتایی بە دابەشکردنی مانگی ئازاری 2019 دێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردودا موچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەشکرا.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشتبە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان کە مانگانە 522 ملیار دینارە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 420 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، کۆی ئەو داهاتەش حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە لە نەوتی فرۆشراو دەستی دەکەوێت لە نێوان 350 بۆ 400 ملیۆن دۆلاردایە، ئەوەش بەپێی وتەی پەرلەمانتارانی کوردستان.

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری وتیشی، "هەمو مانگێک لە 13 بۆ 16ی مانگ ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە رەوانە دەکرێت دەگاتە دەستی وەزارەتی دارایی، بەوەش دابەشکردنی موچە خێتر دەبێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP