ترەمپ: با سەر لەنوێ ئێران مەزن بکەینەوە

- 6/22/2019 10:42:00 PM 45506 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکی چاوەڕواننەکرا و پێچەوانەدا رایگەیاند" دەکرێت لە داهاتودا ببم بە دۆستێکی نزیکی ئێرانیەکان".

ئەو وتەنەی ترەمپ بە تەواوی پێچەوانەی لێدوانەکانی چەند کاتژمێریکی لەمەوبەر و رۆژانی رابردویەتی، ترەمپ وتیشی" با سەرلەنوێ ئێران مەزن بکەینەوە"، کە ئەوە دروشمێکی تایبەتی کابینەی خۆیەتی بۆ وڵاتەکەی" با ئەمریکا سەرلەنوێ مەزن بکەینەوە".

گۆڕان لە لێدوانی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران دوای ئەوە هات، ئەمرۆ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر بە وێنە بەڵگە و نەخشە بڵاویکردەوە، کە فرۆکەیەکی جەنگی ئەمریکایان بەدی کردوە، بەڵام بە ئامانجیان نەگرتوە.

ترەمپ وتی" سوپاسی ئەو بڕیارە ژیرانەی ئێران دەکەین کە فرۆکەیەکی ئێمەیان بە ٣٨ سەرنشینەوە بە ئامانج نەگرتوە".

ترەمپ ئاماژەشی بەودا، کە دەکرێت واشنتن و تاران پەڕیەکی نوێ هەڵبدەنەوە "ئێران دەیەوێت ببێت بە وڵاتێکی دەوڵەمەند، دەی کەواتە با ئێران سەرلەنوێ مەزن بکەینەوە، ئەوە باشە؟ هاوڕان لەگەڵ من؟بەڵام ئەگەر بیەوێت لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتودا ببێت بە خاوەنی چەکی ناوەکی ئەوا هەرگیز بەوە ناگەن".

ترەمپ لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وتیشی" ئێمە رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی، ئەگەر ئەوان بەمە رازین، ئەوا ئێران دەبێتە وڵاتێکی دەوڵەمەند، زۆر دلخۆش دەبن، منیش دەبم بە نزیکترین دۆستی ئەوان، هیوادارم ئەوە روبدات، بەڵام پێناچێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP