هەواڵی ئەمڕۆ

ئێران وەڵامی دەستبەجێی نامەكەی ترەمپی دایەوە

- 6/21/2019 11:56:00 AM 103486 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی شەوی رابردو لە نامەیەكدا، دۆنالد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا داوای لە كۆماری ئیسلامی ئێران كرد بێنە سەر مێزی گفتوگۆ، بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكان، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەستبەجێ وەڵامی نامەكەیان داوەتەوە و هەمو جۆرە گفتوگۆیەكیان رەتكردوەتەوە.

شەوی رابردو دۆنالد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لە رێگەی عومانەوە نامەیەكی ئاراستەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران كردو تیایدا رایگەیاند كە ئەمریكا خواستی ئەنجامدانی جەنگی نیە و بەڵكو دەخوازێت لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بكات، بۆ ئەو مەبەستەش داوایكردبو كە تاران لەماوەیەكی كورتدا وەڵامی داخوازیەكەی بدەنەوە.

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكان، دوای گەیشتنی نامەكە بە عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەستبەجێ وەڵامی نامەكەیان داوەتەوە و رەتیانكردوەتەوە گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن ئەنجامبدەن.

سەرچاوە هەواڵیەكان باسیان لەوەشكردوە كە ئێران هەڵوێستی پێشوی خامنەیی دوپاتكردوەتەوە كە رەتكردنەوەی دانوستان بوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا و لەو روەشەوە هۆشداریان داوەتە ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی هەر هێرشێكی سەربازی لە ناوچەكەدا.

لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی سویسرای لە وڵاتەكەی راسپاردوە بە گەیاندنی پەیامی تاران بەوەی كە ئێران نایەوێت جەنگ لەگەڵ ئەمریكا ئەنجامبدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رونكردنەوەی داوەتە باڵیۆزی سویسرا لەبارەی تێكشكانی فرۆكەكەی ئەمریكا و پێشی راگەیاندوە كە ئەمریكا بەرپرسە لە هەر جۆرە پەرچەكردارێكی ئێران لە هەر حاڵەتێكی جەنگدا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP