هەواڵی ئەمڕۆ

بەڤیدیۆ؛ دیدی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ دۆسیه‌ی نه‌وت دەخاتەرو
عەلی حەمەساڵح: سیاسەتی نەوت بوە بەهۆی دەوڵەمەندبونی چەندین کۆمپانیا و کەسایەتی سیاسی و حیزبی

- 6/20/2019 10:59:00 PM 6846 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، دیدی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی بۆ دۆسیه‌ی نه‌وت خستەرو رایگەیاند،"سیاسەتی نەوت بوە بەهۆی دەوڵەمەندبونی چەندین کۆمپانیا و کەسایەتی سیاسی و حیزبی" دەشڵێت، لە سێ مانگی 2018 كۆی فرۆشی نەوت بەبەهای دو ملیارو 125 ملیۆن دۆلار بوە بەڵام تەنها 703 ملیۆن دۆلار بۆ خەڵك ماوەتەوە.

دیدی گۆڕان بۆ نەوت و وزە دیدێکی جێگیرە بەوەی کە دەبێت نەوت ببێت بە ڕەحمەت بۆ خەڵک نەک سەرچاوەیەک بۆ دزی و گەندەڵی وبەفێرۆدانی سامانی نیشتیمانی

 

لە ڤیدیۆیەكدا كە ئەمشەو بڵاویكردەوە، عەلی حەمەساڵح رایگەیاند،" دیدی گۆڕان بۆ نەوت و وزە دیدێکی جێگیرە بەوەی کە دەبێت نەوت ببێت بە ڕەحمەت بۆ خەڵک نەک سەرچاوەیەک بۆ دزی و گەندەڵی وبەفێرۆدانی سامانی نیشتیمانی.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی،"تاکو ئێستا ڕەخنە و تێبینی جدی لەسەر گەندەڵیەکانی نەوت و سیاسەتی نەوت هەیە"

تا ئەو کاتەی وەزیری دارایی لای گۆڕان بو هیچ واژۆیەک لەسەر هیچ کۆنوسێکی ئەنجومەنی باڵای نەوت و گازی هەرێم نەکردوە

 

عەلی حەمەساڵح راشیگەیاند"تا ئەو کاتەی وەزیری دارایی لای گۆڕان بو هیچ واژۆیەک لەسەر هیچ کۆنوسێکی ئەنجومەنی باڵای نەوت و گازی هەرێم نەکردوە کە ئەمەش ئاماژەیەکی ڕونە کە گۆڕان ڕەخنەی جددی لەم سیاسەتەی نەوت هەیە کە پڕیەتی لە گەندەڵی و ناشەفافی و بوە بە هۆکاری دەوڵەمەندبونی چەندین کۆمپانیا و کەسایەتی سیاسی و حیزبی"

ئاماژەی بەوەشكرد،"لە خولی پێشوی پەرلەماندا چەندین سکاڵام لەسەر بەرپرسانی هەرێم تۆمارکردوە لەسەر گەندەڵی لەداهاتی نەوت، وە تائەم ساتە بەشێکی زۆر لەداهاتی نەوت نادیارە ".

لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2018 دا كۆی فرۆشی نەوت بەبەهای دو ملیارو 125 ملیۆن دۆلار بوە، لەو بڕە تەنها تەنها 703 ملیۆن دۆلار پارەی نەوت ماوەتەوە

 

لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا، عەلی حەمەساڵح دەڵێت"تەنها لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2018 دا 39 ملیۆن و 949 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە، بەڵام لەو بڕە تەنها تەنها 703 ملیۆن دۆلار پارەی نەوت ماوەتەوە، لەكاتێكدا كۆی فرۆشی نەوت بەبەهای دو ملیارو 125 ملیۆن دۆلار بوە بەپێی راپۆرتی دێلۆیت، واتە نزیكەی یەك ملیارو 400 ملیۆن دۆلار، واتە لەو پارەیەی كە نەوتی پێ فرۆشراوەو نەبوەتەوە دارایی نەوت دو هێندە زیاترە كە ماوەتەوە وەكو دارایی"

تەنها ئەو پارەیەی دراوەتە توركیا 415 ملیۆن دۆلارە، بەڵام كۆی ئەو پارەیەی بۆ خەڵك ماوەتەوە 703 ملیۆن دۆلارە

 

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند"شێوازی بەڕێوەبردنی نەوت لای ئێمە جێگەی رەخنەیە، لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2018 دا تەنها شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت، 782 ملیۆن دۆلار بوە، لەكاتێكدا كۆی ئەو داهاتەی بۆ موچە ماوەتەوە، واتە ئەو پارەیەی دراوەتە كۆمپانیا نەوتیەكان وەك شایستەی دارایی 80 ملیۆن دۆلاری زیاترە لە پارەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت، تەنها ئەو پارەیەی دراوەتە توركیا 415 ملیۆن دۆلارە، بەڵام كۆی ئەو پارەیەی بۆ خەڵك ماوەتەوە 703 ملیۆن دۆلارە، بەو پێیەش بۆ هەر بەرمیلێك نەوت تەنها 18 دۆلار ماوەتەوە".

ئەبێت سندوقی داهاتی نەوت و کۆمۆ و کۆدۆ و هەمو ئەو دامەزراوانەی کە پەیوەندی بەفرۆشتن و گەڕاندنەوەی پارەکەوە هەیە بە سیستم بکرێت

 

عەلی حەمەساڵح وتیشی،"دیدی ئێمە وایە کە ئەبێت سندوقی داهاتی نەوت و کۆمۆ و کۆدۆ و هەمو ئەو دامەزراوانەی کە پەیوەندی بەفرۆشتن و گەڕاندنەوەی پارەکەوە هەیە بە سیستم بکرێت، خاڵێکی تر کە گفتوگۆی زۆر لەسەر دەکرێت دۆسیەی نەوت و بەغدایە بەوەی کە ئایا هەرێم نەوتی خۆی ڕادەستی ناوەند دەکات یان نا، بە لای ئێمەوە سەنتەری فرۆشتنی نەوت بەرژەوەندی باڵای خەڵکی هەرێم و بازاڕ و موچەخۆرانە".

لەدوایین کۆبونەوەماندا لەگەڵ وەفدی باڵای پارتی زۆر بەڕونی وتومانە پێویستە دوای پێکهێنانی حکومەت وەفدێکی هەرێم کەتوانای بڕیاردانی هەبێت بچن لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەون

 

ئاشكراشیكرد،"لەدوایین کۆبونەوەماندا لەگەڵ وەفدی باڵای پارتی زۆر بەڕونی وتومانە پێویستە دوای پێکهێنانی حکومەت وەفدێکی هەرێم کەتوانای بڕیاردانی هەبێت بچن لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەون بەو مەرجەی پێش ڕۆیشتن هەمو بژاردەکان لێکبدەینەوە بەوەش دەردەکەوێت کام بژاردە لەخزمەتی هەرێمی کوردستاندایە، بۆ نمونە ئەگەر 250 بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکەین  و ناوەندیش 900 ملیار دینار لە بودجە بداتە ئێمە ئەوا دوای تێپەڕینی یاسای بودجە دەتوانین لەو پارەیە 700 ملیار دینار بدەینە موچە".

ئەگەر نەوتەکە ڕادەستی بەغدا نەکەین و ناوەندیش بەشە بودجەکەی هەرێمی ببڕێت وەکو ئەگەرێک، ئەوا دۆخی موچەی فەرمانبەران زۆر خراپتر دەبێت لە سیسیتمی پاشەکەوتی موچە

 

لە درێژەی قسەكانیدا، پەرلەمانتارەكەی گۆڕان وتی،"ئەگەر نەوتەکە ڕادەستی بەغدا نەکەین و ناوەندیش بەشە بودجەکەی هەرێمی ببڕێت وەکو ئەگەرێک، ئەوا دۆخی موچەی فەرمانبەران زۆر خراپتر دەبێت لە سیسیتمی پاشەکەوتی موچە".

گۆڕان ڕەخنەی جدی لەسەر ئەم سیاسەتی نەوتیەی هەرێم هەبوە و ژمارە و زانیاری هەڵە خەڵکی کوردستانی توشی ئەم دۆخەکرد

 

عەلی حەمەساڵح راشیگەیاند،"گۆڕان ڕەخنەی جدی لەسەر ئەم سیاسەتی نەوتیەی هەرێم هەبوە و ژمارە و زانیاری هەڵە خەڵکی کوردستانی توشی ئەم دۆخەکرد، ساڵی 2014 و پێش فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ وەزیری سامانە سروشتیەکان وتی، لە 2019 دا داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت لە 15 ملیار دۆلار واتە بەبێ پشتبەستن بە بەغدا زیاتر لەوەمان دەستدەکەوێت،بەڵام ئێستا 3 ملیار دۆلارە، شیکاریەک کە لە سەدا 70 ی هەڵە بێت بێگومان توشی ئەم دۆخەمان دەکات، ئاشتی هەورامی وتی بەبێ نەوتی کەرکوک دەتوانێت 1 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت" بەڵام ئێستا 430 هەزار بەرمیلە کەواتە هەمو ئەم زانیاریانە بردینی بە هەڵەدا".

دیدی ئێمە ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکەین و بەرژەوەندی خەڵکی هەرێم لێكدەینەوە و وەکو فراکسیۆنی گۆڕان هەمو هەوڵێك دەخەینەگەڕ هەربۆیە پێویست ناکات

 

دەشڵێت،"دیدی ئێمە ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکەین و بەرژەوەندی خەڵکی هەرێم لێكدەینەوە و وەکو فراکسیۆنی گۆڕان هەمو هەوڵێك دەخەینەگەڕ هەربۆیە پێویست ناکات، هیچ کەسێک بڵێت گۆڕان پێش ئەوەی بچێتە حکومەتەوە پشتیوانی ئەم سیاسەتە چەوتە دەکات، ئێمە نوێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان و سیاسەتەکەی دەکەین لە پەرلەمان و پشتیوانی دزینی پارەی نەوت ناکەین تەئکید لەوەش دەکەینەوە کە فەسادی گەورە لە دۆسیەی نەوتدا هەیە" .

گۆڕان نەچوەتە حکومەت بۆ چاوپۆشی لە گەندەڵی بەڵکو بۆ تێپەڕینی یاسای چاکسازی چوە لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی و سەرۆکایەتی حکومەتەوە جێبەجێبکرێت

 

لە كۆتاییدا دەڵێت،"گۆڕان نەچوەتە حکومەت بۆ چاوپۆشی لە گەندەڵی بەڵکو بۆ تێپەڕینی یاسای چاکسازی چوە لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی و سەرۆکایەتی حکومەتەوە جێبەجێبکرێت کە ئەم یاسایەش خزمەتێکی گەورەیە هەروەها بۆ دروسبونی سندوقی داهاتی ناوخۆ چوەتە حکومەتەوە تاکو سەرجەم خەڵکی کوردستان بزانن داهاتەکە چەندە و چۆن خەرجدەکرێت و لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەم چاکسازیانەشدا لەجاران جدی تر قسەمان دەبێت لەسەر گەندەڵی و ئەوەی پێویست بێت لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی بزوتنەوەی گۆڕان دەیکات"

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP