هەواڵی ئەمڕۆ

پوتین وەڵامی دەداتەوە
بە ڤیدیۆ.. بلۆگەرێكی كورد لە پەخشی راستەوخۆدا پوتین بانگهێشتی شاورمە دەكات

- 6/20/2019 10:34:00 PM 5582 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بلۆگەرێگی بە رەچەڵەك كوردی روسیا، دوای ئەوەی لە پەخشی راستەوخۆدا پرسیارێك ئاراستەی سەرۆكی روسیا دەكات، دواتر بانگهێشتیدەكات بۆ خواردنی ئەو شاورما، پوتین-یش وەڵامی دەداتەوە.

ئەمیران سەردارۆڤ، كە یەكێكە لە بلۆگەرە بەناوبانگەكانی روسیا و بە رەچەڵەك كوردە، دوای ئەوەی لەمیانی بەڕیوەچونی دیداری تەلەفزیۆنی ساڵانەی سەرۆكی روسیا توانی لەبارەی یاسای سەروەری ئینتەرنێت لە روسیا راستەوخۆ پرسیار لە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی ئەو وڵاتە بكات، بانگهێشتی كرد لەو شاورمە-یە بخوات كە خۆی دەیفرۆشێت.

سەردارۆڤ، كە لە یوتیوب زۆر چالاكە و خاوەنی حەوت ملیۆن بینەرە، توانی بێ پێچ و پەناو راستەوخۆ لە سەرۆكی روسیای بپرسێت "ئایا ئامانج لەو یاسایە جیاكردنەوە و دابڕینی روسیایە یاخود نا"، دوای ئاڕاستەكردنی پرسیارەكەش دەستبەجێ وتی "پێش ئەوەی وڵامم بدەیتەوە، دەمەوێت بڵێم، بەتامەترین شاورمەی مۆسكۆ لای من هەیە، هەموتان بانگهێشتدەكەم تامی بكەن".

دوای ئەوەی سەردارۆڤ وتەكانی تەواوكرد، پوتین وتی "ئافەرین، سودت لەو دەرفەتە بینی بۆ بڵاوكردنەوەی فرۆشەكەت، ئەوەش كارێكی باشە".

پوتین بەهۆی ئەو بانگهێشتەی سەردارۆڤ بۆ تامكردنی شاورمەكەی، لەیادی چو وەڵامی پرسیارە سەرەكیەكەی بداتەوە و پاشان پێشكەشكارەكە یادی هێنایەوە كە پرسیارەكە لەبارەی یاسای سەروەری ئینتەرنێتەوە بو.


لە وەڵامی پرسیارە سەرەكیەكەی ئەمیران سەردارۆڤ-دا پوتین وتی "ئەو یاسایە كە ئاماژەی پێكرا، بە ئامانجی گرەنتیكردنی ئاسایشی ئاسمانی ئەلیكترۆنی روسیایە، نەك بۆ سنورداركردنی ئازادی هاوڵاتیانمان".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP