قەرەیڵان: ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هەرێم بەردەوام بێت لەو بێدەنگیەی، داگیركاری توركیا دەگاتە هەولێر

- 6/20/2019 9:08:00 PM 9117 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

موراد قەرەیلان یەكێك لە سەركردەكانی پەكەكە رایگەیاند، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت لەو بێدەنگیەی، داگیركاری توركیا دەگاتە هەولێر، دەشڵێت، توركیا و ئێران چەند رێككەوتنێكیان لە دژی پەكەكە واژۆكردوە.
توركیا ناتوانێت لەنێو سنورە فەرمیەكانی بگاتە ئەنجام، بۆیە لەئاستی نێودەوڵەتی هێرشەكانی ئەنجامدەدات

 

موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) رایگەیاند"توركیا ناتوانێت لەنێو سنورە فەرمیەكانی بگاتە ئەنجام، بۆیە لەئاستی نێودەوڵەتی هێرشەكانی ئەنجامدەدات و ئێستا لە باكوری كوردستان پیلانی جێبەجێكردنی هەیە و لە باشورو رۆژئاڤای كوردستان هەوڵی داگیركاری دەدات، لەو رێگەیەشەوە باوەڕی وایە كە دەتوانێت كێشه‌ی سه‌د ساڵه‌ی كورد و كوردستان چاره‌سه‌ر بكات".

موراد قەرەیڵان وتی، "پلانەكەی توركیا لە 2018 ەوە دەستی پێكردوە و سەرەتا لەعەفرین جێبەجێی كرد، دواتر هاتە خواكورك و كانی رەش، داگیركردنی گردی لێلیكان لە مانگی نیسان، دەستپێكی هەنگاوەكانی داگیركاری توركیا بون" لەو روەشەوە داوایكرد كە هێزە كوردستانیەكان دژی توركیا بوەستنەوە و چونكە هەوڵی داگیركارییەكە لە باشوری كوردستانە.

پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا ده‌یه‌وێت له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی شه‌ڕدا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنەكان بباتەوە و  له‌ ئیسته‌نبوڵ سه‌ركه‌وێت

 

بەبڕوای ئەندامەكەی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان،"پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا ده‌یه‌وێت له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی شه‌ڕدا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنەكان بباتەوە و  له‌ ئیسته‌نبوڵ سه‌ركه‌وێت".

لەبەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا قەرەیلان دەڵێت،"ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت لەو بێدەنگیەی، ئەوا داگیركاری دەوڵەتی توركیا دەگاتە هەولێر"

موراد قەرەیلان، راشیگەیاند: بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی خواكوڕك، بەرپرسانی باڵای ئێران و توركیا چەندین كۆبونەوەی نهێنیان ئەنجامداوە و چەند رێككەوتنێكیان لە دژی پەكەكە واژۆكردوە.

وتیشی، حكومەتی توركیا چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی بەغدا ناكات و بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق ئۆپەراسیۆن لەناو خاكی عێراقدا دەكات.


نیشانەکردن :

#پەکەکە #تورکیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP