سەرۆک بەرهەم بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی پاپای ڤاتیکان دەکات

- 6/20/2019 3:25:00 PM 1584 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ  پێنجشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لە میانی پێشوازیکردنی لە پاتریارکی بابل و کلدان کاردینال مار لویس ڕۆفائیل ساکۆی یەکەم و بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی پاپای ڤاتیکان کرد بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکات.

نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوەکرد، سەردانەکەی پاپا گرنگییەکی مێژویی بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتی دەبێت، بەھۆی ئەو مانا گەورەیی سەردانەکەی پاپا لە خۆی دەگرێت، ھەروەھا دەبێتە مایەی بەھێزکردنی یەکریزی کۆمەڵایەتی لە نێوان گشت پێکھاتەکانی کۆمەڵگەی عێراق.

سەرۆک کۆمار ڕۆڵی گرنگی کریستیانەکانی عێراقی لە بەھێزکردنی پەیوەندی برایانە وبڵاوکردنەوەی بنەمای ھاووڵاتی بوون و لێبوردەیی لەنێوان ڕۆڵەکانی گەلی عێراقدا  بێ جیاوازی  بەرزنرخاند.

لەلای خۆیەوە، پاتریارکی ساکۆ ڕۆڵی گرنگی سەرۆک کۆماری لە پشتیوانیکردنی کریستیانەکان و ھەوڵەکانیشی لە پێناوی بەھێزکردنی پەیوەندی لە نێوان چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی عێراقدا بەرزنرخاند.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP