شاره‌وانی هه‌ولێر هۆشداری ده‌دات
ئه‌و كارتانه‌ی وه‌ك قه‌ره‌بوی گوندی كۆری كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ده‌كرێت ساخته‌ن

- 6/20/2019 3:19:00 PM 2236 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر 

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی شاره‌وانی هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و كارتانه‌ی له‌ بازاڕ كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ ده‌كرێت به‌ ناوی زه‌وی قه‌ره‌بوی خانوه‌كانی گوندی كۆری ساخته‌ن و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی به‌رپه‌رس نیه‌ له‌و كارتانه‌.

كرمانج دەشتەكی، بەڕێوەبەری راگه‌یاندنی شارەوانی هەولێر به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی پێشوی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چوار هەزار و 132 پارچه‌ زه‌وی وه‌ك قه‌ره‌بو به‌سه‌ر سودمه‌ندبوانی گوندی كۆری دابه‌شكرا، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و خانوانه‌ی كه‌ بڕیار بو پێیان بدرێت، ئه‌و كه‌سانه‌ش ته‌نها به‌ زاره‌كی ژماره‌یان پێدراوه‌ و تا ئێستا كارتیان پێنه‌دراوه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، له‌ ئێستادا كارتێك لە بازاڕ بڵاوبوەته‌وه‌ و كڕین و فرۆشتنی پێوه‌ ده‌كرێت بە ناوی كارتی قەرەبوی خانوە كۆرییەكان، ئەم كارتە ساختەیە، "ئێمه‌ له‌ شارەوانی هەولێر تەنها بە شێوەی زارەكی ژمارەی زه‌ویه‌كانمان لە تیروپشكێكی ئاشكرا بە سودمەندەكان داوه‌ و كارتمان بە كەس نەداوە".

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی شاره‌وانی هه‌ولێر داواشی له‌ هاوڵاتیان كرد خۆیان له‌ كڕین و فرۆشتنی ئه‌و جۆره‌ كارتان به‌ درو بگرن، چونكه‌ ئه‌و كارتانه‌ ساخته‌ن و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی به‌رپرس نیه‌ له‌و جۆره‌ كارتانه‌.

بەڕێوەبەری راگه‌یاندنی شارەوانی هەولێر وتیشی، "دیزاینی دابه‌شكردنی زه‌ویه‌كان له‌ شاره‌وانی ته‌واو بوه‌، له‌ ئێستادا چاوه‌ڕێی فه‌رمانگه‌ی تاپۆی هه‌ولێرین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زوترین كات تاپۆی ئه‌و زه‌ویانه‌ راده‌ستی خاوه‌نه‌كانیان بكرێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP