میسر داوای دادگاییكردنی ئەردۆغان دەكات

- 6/20/2019 3:10:00 PM 9543 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

40 حزب و لایه‌نی سیاسی میسر داوایان كرد، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك کۆماری توركیا روبه‌ڕوی دادگا بكرێته‌وه‌.

بەپێی هەواڵێكی روسیا تودەی، ئەمڕۆ پێنجشەمە 40 حزب و لایه‌نی سیاسی میسر، داوایان كرد، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا روبه‌ڕوی دادگا بكرێته‌وه‌.

ئه‌و حزبانه‌ رایانگه‌یاندوە، سه‌رۆك کۆماری توركیا هه‌مو هێڵه‌ سوره‌كانی به‌زاندوه‌.

لای خۆشیەوە رۆژنامه‌ی "الأهرام"ی فەرمی میسر بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌و حزبانه‌ سه‌رۆكی توركیایان به‌ "دیكتاتۆر" وه‌سف كردوه‌.

هه‌روه‌ها به‌وه‌ تۆمه‌تباریان كردوه‌، كه‌ "پشتیوانی تیرۆریستان ده‌كات و چه‌كدارانی داعشی له‌ وڵاته‌كه‌یدا حه‌شار داوه‌".

ئه‌و ناڕه‌زاییه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كانی میسر دوای ئه‌وه‌ دێت، سه‌رۆكی توركیا رایگەیاند مورسی بەهۆكارێكی سروشتی نەمردوە، بەڵكو كوژراوە و ناوبراوییشی به‌ "شه‌هید" وه‌سف كرد.

ئه‌و لایه‌نه‌ میسریانه‌ داواشیان كردووه‌، ئه‌ردۆغان به‌ تۆمه‌تی پشتیوانی كردن له‌ تاوانه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌وانه‌ ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ میسر، لیبیا، سووریا و یه‌مه‌ن ئه‌نجامدراون دادگایی بكرێت.

هه‌روه‌ها به‌ هۆی ئه‌و كرده‌وانه‌ی له‌ توركیا ئه‌نجامیان ده‌دات له‌ گرتن و راوه‌دونان و سه‌ركوت كردنی نه‌یاره‌ سیاسییه‌كانی دادگای بكرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP