بەپەلە

كەشتی دوەمی توركیا لە بەندەری قوبروس دەست بەدەرهێنانی گازی سروشتی دەكات

- 6/20/2019 2:56:00 PM 3071 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حكومەتی توركیا رایگەیاند، نیوەی مانگی داهاتو كەشتی دوەمی وڵاتەكەی لە بەندەری قوبروس دەستبە دەرهێنانی گازی سروشتی دەكات.

بەپێی تۆڕی هەواڵی سكای نیوز، حكومەتی توركیا رایگەیاندوە، نیوەی مانگی داهاتو كەشتی دوەمی وڵاتەكەی لەبەندەری قوبروس دەستبە دەرهێنانی گازی سروشتی دەكات.

بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکانی سەربە ئاژانسی "ئیمج سات" نێودەوڵەتی،  لە ناوچەیەکی گرنگی ئابوری قوبروس، تورکیا سەرقاڵی دەرهێنانی گازی سروشتییە و  شارەزایانی نێودەوڵەتیش ئەو هەنگاوە بەپێشێلکاری نێودەوڵەتی و خواردنی مافی دراوسێ دەزانن.

وێنەکان لە 16ی ئایاری رابرودا لەلایەن پێگەی تویتەری ئاژانسەکە گیراون و بڵاوکراونەتەوە کە تێیدا کەشتی "فاتیح"ی تورکی کە تایبەتە بەهەڵکەندنی بیری نەوت و گاز کاری دەرهێنانی گازی سروشتی دەکات.

وەک لە وێنەکاندا دەردەکەوێتە کەشتییەکە 80 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری پافوسی قوبروسی ئەو کارە دەکات کە ناوچەیەکی گرنگی ئابوریە بۆ قوبروس.

دوای چوار رۆژ لە بەرواری ئاشکراکردنی وێنەی کەشتی یەکەم "فاتیح" لەوێنەکاندا دەردەکەوێت کەشتییەکی دیکە بەناوی "بێربروز" هاوکاری کەشتی یەکەم دەکات لەدەرهێنانی گازی سروشتیدا.

کێشەی گازی سروشتی لەنێوان تورکیا و یۆناندا کێشەیەکی قوڵە و پێش دەرکەوتنی ئەم وێنانەش هەریەک لە قوبروس و یۆنان لەڕێگەی نوێنەرەکانیان لە یەکێتی ئەوروپا فشاریان کردبو بۆ سزادانی تورکیا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP