دۆناڵد ترەمپ: ملیۆنان كۆچبەر رەوانەی وڵاتەكانیان دەكەینەوە

- 6/20/2019 2:00:00 PM 4427 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتوەوە پرۆسەی دەرکردنی ملیۆنەها کۆچبەر کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ناو خاکی وڵاتەكەی، دەست پێدەکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بەوەداوە، هەفتەی داهاتو یەکەی پارێزگاری گومرک و کۆچبەری ئەمریکا "ICE" دەست دەکات بە پڕۆسەی رەوانە کردنەوەی ملیۆنەها بیانی کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ناو خاکی ئەمریکا.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، پرۆسەکە زۆر بەخێرایی دەست پێدەکات، "مەکسیک بە بەکارهێنانی یاسای کۆچ کارێکی زۆر باشی کردوە".

هاوكات، دۆناڵد ترەمپ لە وتارێکیدا لە شاری ئۆرلاندۆ سەربە ویلایەتی فلۆریدا کە تیایدا دەستیکرد بە قۆناغی دووەمی بڕوگاندەکردن بۆ خۆ کاندیدکردنەوە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا ناوبەناو باسی لە کۆچبەرانی ئەمریکای لاتین دەکرد و وتی، ''لەو بڕوایەداین کە وڵاتەکەمان پەناگەیەک بێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی یاسا پەیڕەو دەکەن نەوەک ئەو بیانیانەی تاوان ئەنجام دەدەن".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP