ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی پەنابەرانە
لە سلێمانی چەند چالاکییەک بەڕێوەدەچێت

- 6/20/2019 1:11:00 PM 2853 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نەتەوە یەکگرتوەکان لە ڕۆژی 20ی حوزەیرانی هەمو ساڵێکدا یادی پەنابەران دەکاتەوە و لە کوردستانیش ئاماری پەنابەران لەبەرزبونەوەدایە.

20ی حوزەیرانی 1951 بۆیەکەمجار ئەو ڕۆژە وەکو ڕۆژی پەنابەران لەجیهاندا دیاریکرا، بەڵام کەنیسەی کاتۆلیکی ڕۆما لە مانگی یەکی ساڵی 1914 ەوە یادی ئەمڕۆژە دەکاتەوە

ئاری جەلال بەرپرسی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران لە لێدوانێکدا بۆ خەندان ڕایگەیاند، ڕێژەی پەنابەرانی کورد لە وڵاتانی دیکە بەراورد بەساڵی ڕابردو کەمیکردوە، دەشڵێت، " زۆرترین ڕێژەی پەنابەری کورد لەوڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێن".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ یادی 68 ساڵەی پەنابەران دەکەنەوە و کاتژمێر 4:00 بۆ 8:00ی شەو لە سەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادی بە هاوکاری دەزگایەکی سەر بە حکومەتی ئەڵمانیا کەرنەڤاڵێک ڕێکدەخرێت، کە بریتیە لە چەند پانێڵێک کە تیایدا گفتوگۆ لەسەر ڕەوشی پەنابەرانی جیهان و کورد دەکرێت.

ئاری جەلال راشیگەیاند، لە کەرنەڤاڵەکەدا بەربەست و چارەسەرەکان دەخرێنەڕو، دواتر چەند بابەتێکی هونەری، شانۆ، موزیک و کاری دەستی ئەنجام دەدرێت.

بەپێی ئامارێکی نەتەوەیەکگرتوەکان، ساڵی 2018 ژمارەی پەنابەران لە جیهاندا گەیشتوەتە زیاتر لە 68 ملیۆن کەس، کە بەهۆکاری جیاواز ڕویان لە وڵاتی دوەم کردوە.

ڕاپۆرتی نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژە بۆ سێ هۆکاری سەرەکی دەکات لەسەر پەنابەر ئەوانیش (شەڕ، شۆڕشەکان و فشاری دەوڵەتیی).

رونیشیکراوەتەوزە، ڕەگەزی نێر زۆرترین ڕێژەی ئامارەکە پێکدەهێنن و بەراورد بە ساڵی 2017 نزیکەی 500 هەزار کەسیش زیادی کردوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP