بە بڕیارێک رێگە بە گەنجێک نەدراوە بچێتە ناو فەرمانگەیەک
قوباد تاڵەبانی پەیوەندی بە هاوڵاتیەکەوە کردوە و بڕیارەکەی هەڵوەشاندوەتەوە

- 6/20/2019 1:01:00 PM 127711 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی هاوڵاتیەک، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر باس لەوە دەکات لە فەرمانگەی پاسپۆرتی سلێمانی رێگەی پێنەدراوە بە"شۆرت"ەوە بچێتە ژورەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە هاوڵاتیەکەوە دەکات و کێشەکەی بۆ چارەسەر دەکات.

شێلگر رەئوف، تەمەن 21 ساڵ خوێندکاری زانکۆیە، رێکەوتی 18ی ئەم مانگە سەردانی فەرمانگەی پاسپۆرتی سلێمانی کردوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوبراو "شۆرت"ی لەبەردا بوە و بە پاساوی ئەوەی "قەدەغە"یە رێگە بەچونە ژورەوەی نەدراوە.

شێلگیر لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تویتەر باسی لە ڕوداوەکە کردوە، دواتر قوباد تاڵەبانی نامەی بۆ ناردوە و داوای ژمارەکەی لێکردوە.

شێلگیر رەئوف بە خەندان-ی وت، "دوای ئەوەی ئەو تویتەم کرد، کوڕێک کۆت ریتویتی کردوە بۆ قوباد تاڵەبانی، ئەویش بینی و نامەی بۆ ناردم، دەمەوئێوارە تەلەفۆنی بۆ کردم".

ئاماژەی بەوەشکرد، "وتیان چی رویداوە لەوێ، منیش وتم لەوێ رێگریان لێکردوم و وتویانە بڕیاری سەرەوەی و ئێمەش جێبەجێی ئەکەین، بۆت نیە بەو شۆرتەوە بێیتە ژورەوە".

شێلگیر دەشڵێت، پێش ئەوەی تەلەفۆن بۆ ئەو بکەن، تەلەفۆنیان بۆ بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی کردوە، "وتومانە ئەوەی ئێوە کردوە زەوتکردنی  ئازادی هاوڵاتیانە و زەوتکردنی ئەو مافەیە کە لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤدا باسی لێکراوە".

وتیشی، "بە نوسینگەی کاک قوبادیان راگەیاندوە، ئەوە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراقە"، بەڵام "نوسینگەکەی کاک قوباد پێیان وتم، ئیتر ئەو بڕیارە کارا نابێت، هەرکەسێک دەتوانێت ئەو جلە لەبەر بکات کە خۆی پێی خۆشە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP