سەرۆك بەرهەم و وەزیری بازرگانی توركیا لە کۆشکی سەلام کۆبونەوە

- 6/20/2019 12:37:00 PM 1852 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە روهسار بەگچان، وەزیری بازرگانی توركیا و شاندی یاوەری.

نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆک بەرهەم ساڵح لە کۆبونەوەکەدا جەختی لە تەواوكاری ئابوری و پەیوەندی وڵاتانی ناوچەكە و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری وەک ڕێگەچارەیەك بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش و گەشەسەندن لە ناوچەکەدا كردەوە.

سەرۆک بەرهەم ھاوکات ئاماژەی بەگرنگی پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا و بەشداریكردنی كۆمپانیا توركییەكان لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق و سود وەرگرتن لە شارەزاییان لە بوارە جیاوازەكاندا کردەوە كە زامنی پەرەپێدانی ئابوری عێراق  و دەستەبەری دەرفەتی كار بكات.

لەلای خۆیەوە وەزیری بازرگانی توركی ئاماژەی بەو ڕێوشوێنانە کرد سەبارەت  بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردو وڵات گرتویانەتە بەر، ھەروەھا جەختی لە گرنگی فراوانكردنی ئاسۆی هاریکاری لە گشت بوارەكاندا كردەوە بە جۆرێك لە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردو گەلی دۆستدا بێت.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP