هۆشیار عەبدوڵا: بەغدا 10 ملیار دۆلار لەبەرامبەر 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەداتە هەرێم

- 6/19/2019 8:07:00 PM 9207 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هۆشیار عەبدوڵا، باس لە بەشە بودجەی هەرێم لە عێراق دەکات و چەند ئامارێک دەخاتەڕو، دەشڵێت هەرێم پابەندکراوە کە ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە بداتە عێراق.

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ لە بەشە بودجەی 2019 ی عێراقدا جێگیر کراوە کە هەرێمی کوردستان دەبێت رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغداد بکات و لە بەرامبەریشدا زیاتر لە 10 ملیار دۆلار دەخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێم،

ڕاشیدەگەیەنێت، " عێراق ڕۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەفرۆشێت، بەڵام هەرێم دەتوانێت بە پێدانی تەنها 250 هەزار بەرمیل سودمەند بێت لەداهاتی ئەو نەوتەی عێراق دەیفرۆشێت کە ئەمەش سودی زۆرە بۆ هەرێم کە مەزەندە دەکرێت بە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار".

" ئێمە نوێنەری خەڵکین بۆیە هەمو جۆرە تۆمەتێک ڕەتدەکەینەوە، لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی خەڵک و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبین بەبێ وەڵامدانەوەی ئەو لایەنانەی کە ئێمە بە عێراقچی و خیانەتکار و خۆفرۆش دەچوێنن چونکە هیچ باگراوندێکی بابەتی و سیاسی لەپشتەوە نیە، دەشڵێت، "لە مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان چاکسازی ڕیشەیمان دەوێت چونکە بەبێ چاکسازی داهاتەکەی بۆ خەڵکی کوردستان نابێت" هۆشیار عەبدوڵا وای وت.

وتیشی " بۆ چارەسەری دۆسیەی نەوتی هەرێم و بەغدا تاکە چارەسەر دەستور و یاسایە نەک پەنابردن بۆ ڕێکەوتنی سیاسی".

سەبارەت بە دۆسیەی دادگای فیدڕاڵی سەرکەوت شەمسەدین وتی" ئەو دۆسیەیەی دادگا لەسەر وەڵامی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەستاوە کە ئەو مەلەفەش پێویستی بە وەڵامی چوار لایەنە، کە ئەوانیش سەرۆکوەزیرانی هەرێم و بەغدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانەسروشتیەکانی هەرێم، وتیشی؛ ئەگەر سەرۆکوەزیری عێراق وەڵامی دادگای فیدڕاڵی بداتەوە، ئەو کاتە دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدات کە بڕیارەکەش پەیوەندی نیە بە موچەی هەرێمی کوردستانەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP