سەرۆک بەرهەم و ئەمیری کوەیت تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی ھەردو وڵاتیان کرد

- 6/19/2019 3:46:00 PM 1939 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق دوپاتیکردەوە، پەیوەندییەکانی عێراق و کوەیت لە سایەی دانایی و خواستی سەرکردایەتی ھەردو وڵات ناکۆکییەکانی رابردویان تێپەراند. 

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە کۆبونەوەیەکدا سەرۆک بەرھەم  و ئەمیری دەوڵەتی کوەیت شێخ سەباح ئەحمەد جابر سەباح کە ئەمڕۆ چوار شەممە لە کۆشکی سەلام ئەنجامدرا، سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوەدا، عێراق خوازیاری بونیادنانی پەیوەندییەکی بەھێزە لەگەڵ داروسێکانی بەتایبەتی دەوڵەتی کوەیت، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو گەلی دۆست بکات. 

سەرۆک کۆمار دوپاتیکردەوە، عێراق لە روانگەی چەسپاندنی بنەماکانی دیالۆگ و ڕێزگرتن لە دراوسێیەتی و ھاوسەنگی لە ناوچەکەدا دەڕوانێتە قەیرانەکان.

ھەر لەدیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی ئەمیری کوەیت و شاندی یاوەری دەربڕی و ھیوای خواست کە ئەم سەردانە ببێتە فاکتەرێک بۆ ھەڵدانەوەی لاپەرەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتدا. 

لەلای خۆیەوە، میری کوەیت ئاماژەی بە پشتیوانی وڵاتەکەی کرد بۆ عێراق لە تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی کە لە ئەنجامی کارە تیرۆریستییەکان دوچاری ھاتبو، ھاوکات سەردانەکەیشی بۆ عێراق بە ھەلێکزانی تاوەکو برەو بە پەیوەندی و ھاریکاری نێوان ھەردو وڵات بدات، لە ھەمانکاتدا چارەسەری دۆسێیە ھەڵپەسێراوەکانی نێوان ھەردولا بکات، جەختیشی کردەوە کە سەقامگیری ئاسایش لە عێراق گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ کوەیت.

لە کۆبونەوەکەدا باس لە دوا پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و ھەوڵەکانی ھێورکردنەوەی دۆخەکە تاوتوێ کرا و ھاوکات باسیش لە بەشداری کوەیت لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق و بەھێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ھەردو وڵات کرا بەجۆرێک کە خواستەکانی ھەردو گەلی دۆست بەدیبھێنێت. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP