"بەهۆی رەگەزپەرستییەوە"
گەنجێكی كورد لە فڕۆكەخانەی ئیستانبوڵ "كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا"

- 6/19/2019 2:14:00 PM 28316 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

راگەیاندنەكانی توركیا بڵاویانكردەوە، دوای ئەوەی گەنجێكی كورد "بەهۆی كوردبونیەوە روبەڕوی تانە و توانج بوەتەوە، كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە"، پێش ئەنجامدانی ئەو كارەش، لە ئینتەرنێت كۆتا پەیامی خۆی راگەیاندوە، ئەو كارەش دەنگۆیەكی زۆری بەداوی خۆیدا هێنا.

پێش ئەوەی ئەو كارەش ئەنجامبدات، كۆتا پەیامی خۆی لە هەژماری تایەبتی خۆی لە تۆڕی كۆمەلایەتی ئینستاگرام بڵاوكردوەتەوە

 

ماڵپەڕی ئەحوالی توركی رایگەیاند، دوای ئەوەی گەنجێكی كورد بە ناوی ئیبراهیم لایك، بەهۆی رەچەڵەك و نەتەوەكەیەوە بە كەم سەیركراوە و پشتگوێخراوە، بڕیاریداوە كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، پێش ئەوەی ئەو كارەش ئەنجامبدات، كۆتا پەیامی خۆی لە هەژماری تایەبتی خۆی لە تۆڕی كۆمەلایەتی ئینستاگرام بڵاوكردوەتەوە.

ئیبراهیم لایك، كە گەنجێكی كوردە و لە بەشی چاودێری فڕۆكەخانەی ئیستانبوڵ كارمەند بوە

 

ئیبراهیم لایك، كە گەنجێكی كوردە و لە بەشی چاودێری فڕۆكەخانەی ئیستانبوڵ كارمەند بوە، دوێنێ سێشەممە بێ ئەوەی هیچ رونكردنەوەیەك بدات، بە پەیامێكی كورت ماڵئاوایی خۆی راگەیاندوە و دواتر لە یەكێك لە نهۆمە بەرزەكانەوە خۆی فڕێداوەتە هۆڵی گەیشتن-ی فڕۆكەخانەكە و دەستبەجێ گیانیلەدەستداوە.

هەمیشە بەهۆی كوردبونمانەوە بەكەم سەیركراوین و دورخراوینەتەوە

 

لە پەیامەكەیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام، لایك لەگەڵ وێنەیەكی خۆیدا كە چاوەكانی پڕ فرمێسكە نوسیویەتی، "هەمیشە بەهۆی كوردبونمانەوە بەكەم سەیركراوین و دورخراوینەتەوە، لەوانەیە بەهۆی ئەم كارەوە كە ئێستا ئەنجامی دەدەم شتێك لەو كەسانە دەگۆڕیت كە دەڵێن (چەند دڵخۆشم كە كورد/تورك-م)، دواتریش داوای گەردن ئازادی و بەخشینی كردوە.

ئەو گەنجە كوردە لە كۆتا پەیامیدا هیچ رونكردنەوەیەكی لەسەر هۆكاری سەرەكی خۆكوشتنەكەی نەدركاندوە، دوابەدوای روداوەكەش، پۆلیسی ئیستانبوڵ رایگەیاند، "بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە روداوەكە دۆسیەیەكی لێكۆڵینەوەیان كردوەتەوە".

82 ملیۆن هاوڵاتی لە توركیا هەیە و سەرجەمیان یەكسانن

 

روداوەكە بێجگە لە لایەنە كۆمەڵایەتیەكەی، كاردانەوەیەكی سیاسیشی بەداوی خۆیدا هێنا، سەبارەت بەو روداوە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، كاندیدی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بۆ پۆستی سەرۆك شارەوانی ئیستانبوڵ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، "82 ملیۆن هاوڵاتی لە توركیا هەیە و سەرجەمیان یەكسانن".

كوردانی باكوری توركیا رێژەی زیاتر لەسەدا 20ی توركیا پێكدەهێنن و گەورەترین كەمینەی ئەو وڵاتەن، كە تا ئێستاش ئازادیان لە مافە سەرەتاییەكانیان تایبەت بە شوناسی نەتەوە و زمان و ئازادی كەلتوری خۆیان نیە و بەوهۆیەوە روبەڕوی توندوتیژی و نادادپەروەری دەبنەوە. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP