لەبارەی لێكۆڵینەوەکان لە مردنی مورسی
میسر وەڵامی داواكاریەكەی نەتەوە یەكگرتوەكان دەداتەوە

- 6/19/2019 12:26:00 PM 5267 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەبارەی لێكۆڵینەوە لە مردنی سەرۆكی پێشوی وڵاتەكەی، وەزارەتی دەرەوەی میسر بە توندترین شێوە وەڵامی داواكاریەكەی نەتەوە یەكگرتوەكانی دایەوە و رایگەیاند، "هەوڵدەدرێت حاڵەتێكی سروشتی بە سیاسی بكرێت".

ئەحمەد ئەلحافز، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر ئەمڕۆ چوارشەممە بە شێوەیەكی توند وەڵامی داواكاریەكەی نەتەوە یەكگرتوەكانی دایەوە، كە داوایانكردبو لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی مردنی محەمەد مورسی، سەرۆكی پێشوی ئەو وڵاتە بكرێت و لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵیدا بۆ ماوەی ئەم چەند ساڵە زانیاری كۆبكرێتەوە.

ئەلحافز لە راگەیەندراوێكی وەزارەتەكەیدا ئەمڕۆ چوارشەممە وتی، "هەوڵێك لە ئارادایە بۆ ئەوەی حاڵەتێكی ئاسایی و سروشتی مردن بە سیاسی بكرێت و بەشێوەیەك دەربخرێت كە كوژراوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "لێدوانەكانی نەتەوە  یەكگرتوەكان لۆژیكیانە نیە و هەوڵی ئەوە دەدەن پابەندیەكانی میسر بە پێوەرە نیودەوڵەتیەكان بەئامانجبگرن".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر وتیشی، "هیچ بەڵگەیەك لە ئارادا نیە كە بیسەلمێنێت ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی میسر دەكرێت راست و دروستن".

رۆبێرت كوڵڤل، وتەبێژی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان دوێنێ سێشەممە لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، "پرسیار و گومان لەبارەی دۆخی زیندانیكردنی مورسی دروستبوە، تایبەت بە خزمەتگوزاریە تەندروستیەكان و چۆنیەتی پەیوەندیكردنی بە خێزانەكەی و پارێزەرەكانی لە ماوەی ئەو شەش ساڵەی زیندانیكردنیدا".

راشیگەیاند، "پێشبینی ئەوە دەكرێت لە ماوەی زیندانیكردنیدا، بۆ ماوەیەكی زۆر لە زیندانی تاكەكەسیدا هێڵرابێتەوە"، بەوهۆیەوە وتەبێژی نەتەوە یەكگرتوەكان داوایكرد، لێكۆڵینەوەیەكی وردی بێلایەنانە لە سەرجەم بوارەكانی دۆسیەی محەمەد مورسی ئەنجامبدرێت.

ئێوارەی دوشەممەی رابردو 17ی حوزەیران، بەرپرسانی میسر رایانگەیاند، "محەمەد مورسی، سەرۆكی پێشوی میسر، لەمیانی دانیشتنێكی دادگادا و لە تەمەنی 67 ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستدا".

محمەد مورسی، كە سەرۆكی پێشوی میسرە و لە ساڵی 2013 دا بە كودەتا لە پێگەكەی دورخرایەوە، لەو كاتەوە تا گیانلەدەستدانی بە تۆمەتی تێوەگلانی لەگەڵ بزوتنەوەی بەرگری ئیسلامی فەلەستینی (حەماس) لە زینداندا بو.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP